جەندرمە دەستدرێژی دەکاتە سەر کۆچبەرانی سوریا لە گوندەواری عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا، “جەندرمە”، هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک کۆچبەری سوری لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا سنووری سوریا و تورکیا ببڕن لە گوندەواری عەفرین لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
سەرچاوە خۆجێییەکان لە ناوچەکەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، جەندرمەکان هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی 15 کەس، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا لە نزیک گوندی “ئەلحەمام” لە رۆژئاوای شارۆچکەی جندرێس، لە گوندەواری عەفرین.
ئاماژەیان بەوەشکرد، جەندرمەی تورکیا بە بەکارهێنانی بۆری ئاسنین بە توندی لەو کۆچبەرانەیان داوە، ئەمەش بووەتە هۆی شکان و برینداربوونی بەشێک لەو کۆچبەرانە، کە لەنێویاندا پیاوێکی بەساڵاچووی سەروو 60 ساڵ هەیە، ئەمە جگە لەوەی گەنجەکان ناچارکراون خۆڵ و پیسایی لەو گۆڕەپانە لاببەن کە تێیدا دەستبەسەر کرابوون.
لە 11ی مانگی رابردوودا، دوو گەنج کوژران و چەند کەسێکی دیکەش تووشی شکان و لەجێچوونی سەخت بوون، بەهۆی لێدانیان بە توندی لەلایەن “جەندرمە”ی تورکیاوە لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا لە باکووری ئیدلب، بەم هۆیەشەوە هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و سەرکۆنەی ئەو کردەوەیان کرد.
زۆربەی ئەوانەی هەوڵدەدەن بچنە ناو خاکی تورکیاوە لە نەبوونی رێگاکانی دیکەدا پەنا بۆ رێگای قاچاخی مەترسیدار دەبەن، بۆ ئەوەی خێزانەکانیان کۆبکەنەوە یان بۆ دەستەبەرکردنی کار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەتایبەت لە خراپی بارودۆخی ژیان و بارودۆخی ئابووری ئێستادا کە دانیشتوانی باکووری رۆژئاوای سوریا بەدەستیەوە دەناڵێنن .
بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس ئەوەی ئامار کردووە، کە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، جەندرمە22 کەسیان کوشتووە و 59 یان بریندار کردووە و 191 کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە، لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا، هێرشیان کراوەتەسەر.