دزینی 100 سەبەتەی هاوکارییە فریاگوزارییەکانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە لە عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ نۆرس پرێس ئاشکرا کرد کە کارمەندانی رێکخراوی “شەفەق” کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری حەڵەب کاردەکەن، دەستیان هەبووە لە دزینی سەبەتەی فریاگوزاری کە بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی مانگی رابردوودا رەوانەکرابوون.
ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان خستەروو، کارمەندانی بەشی کاردانەوەی خێرای رێکخراوی “شەفەق” بە تۆمارکردنی ناوی ساختە، 100 سەبەتەی فریاگوزارییان لە باڵەخانەی فریاگوزاری ئەنجوومەنی خۆجێیی دزیوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کارمەندەکان ناوی ساختەیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی سەبەتەکان، دواتر بە بازرگانانی شارەکەیان فرۆشتووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە چەند جارێک دابەشکردنی سەبەتەی فریاگوزاری لە شاری عەفرین و دەوروبەری راگەیاند، لەو ماوەیەدا دزینی هاوکاری بە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان روویداوە، بۆ ئەوەی بەرامبەر بە بڕە پارەیەکی زۆر بیدەن بەو بازرگانانە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە تۆڕی پەیامنێرانی نۆرس پرێس لە ناوچەکە چاودێرییان کردووە، هاوکارییە مرۆییەکان کە لەلایەن رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، تا ئێستاش لەلایەن سەرکردەکان و ئەندامانی گروپە لایەنگرەکانی تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەدزرێن.