بە پاڵپشتی تورکیا.. رێکخراوێکی ناوخۆیی ئۆردوگایەکی نیشتەجیبوونی نوێ لە گوندەواری عەفرین دروست دەکات

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوێکی ناوخۆیی بە پاڵپشتی تورکیا، بەردەوام بوو لە دروستکردنی ئۆردوگایەکی نیشتەجێبوونی نوێ لە نزیک شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین، رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، رێکخراوێک بەناوی “کۆمەڵەی خێرخوازی وەفا المحسینین”، بەردەوامە لە کارەکانی بیناسازی بۆ دروستکردنی نزیکەی 50 یەکەی نیشتەجێبوونی لە نزیک گوندی “ئەلمحەمەدییە”، لە باشووری شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین.

ئاماژەیان بەوەشکرد، پڕۆژەکە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی “کۆمەڵگەی ئەلزەعیم” هەڵکەوتووە، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانیەکی “فەڵەستینی” دروستکراوە، بەو پێیەی ژمارەی یەکەکانی ئەو دوو ئۆردوگایە گەیشتووەتە نزیکەی 150 یەکەی نیشتەجێبوون.

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر رێکخراوی “ئەنسور ئەلعالەمییە” لە دروستکردنی سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوون بوویەوە، لە ناوچەی “جەبەل ئەلئەحلام” لە باشووری رۆژهەڵاتی عەفرین، کە یەکێکیان رادەستکرد و ئەوانی تریان تەنها وردەکاری کۆتاییان ماوە.

بە گوێرەی چاودێرییەکانی نۆرس پرێس لە ناوچەکە، ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی (تورکیا، کوەیت، فەلەستین و قەتەرەوە) لە ناوچەی عەفرین دروستکراون، نزیکەی 18 گوندن، کە لە ناوچەکانی (شەڕان، شێخ حەدید، جندرێس، بولبول و راجو) لە نزیک شاری عەفرین دابەشبوون.

ئامادەکردنی: ئەسعەد ئەلحاج – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد