هەولێر – نۆرس پرێس
ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران بڵاویكردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا شاندێکی ئێرانی لە بواری تەکنیکیدا سەردانی سعودیە دەکات تا ئامادەكاری بۆ دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بکرێت.
کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی سعوودیە و ئێران لەنێو ئەو دوو وڵاتەدا لە دوای ڕێككەوتنێك هاتە ئاراوە کە بە نێوەندگیری چین ئەنجامدرا لەپێناو دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئەو ئاژانسەی ئێران ڕاشیگەیاند، شاندی تەكنیكی ئێران سەردانی باڵیۆزخانەی تاران لە ڕیاز دەكات و ڕێكخستن بۆ كاراكردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە دەكات.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسەکانیان سەردانی ئێرانیان كردووە بۆ تاوتوێكردنی ڕێكارەكانی كردنەوەی نوێنەرە دیپلۆماسییەكانی سعوودیە لە ئێران.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران ڕایگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی سعودیە سەردانی باڵیۆزخانەی سعودیە لە تارانی کرد.