نێچیرڤان بارزانی بۆ کریستیانەکانی کوردستان: پارێزه‌رى ماف و ئازادييه‌كانتان ده‌بين

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی قیامەی کریستیانەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “له‌م جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌دا جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ كولتوورى جوانى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه، ‌خوشك و برايانى کریستیان و هه‌موو پێكهاته‌كان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ پارێزه‌رى ئه‌م كولتووره‌ و ماف و ئازادييه‌كانيان ده‌بين”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان “بە گەرمی و لە دڵەوە” پیرۆزبایی جەژنی قیامەی لە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان کرد و رایگەیاند، “هيواى جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام و ئاسووده، شادى و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەم بۆنەیەوە جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى هەرێمی كوردستاندا ده‌كاتەوە و دەڵێت، چونکە ئەوە “سيمايه‌كى گرنگيى ناسنامه‌ى كوردستانى و مايه‌ى شانازيمانه.”