داواکارییەکانی مانگی رەمەزان نەهامەتییەکانی سوری لە هەولێر زیاتر دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

هاتنی مانگی پڕ خێر و بەرەکەتی رەمەزان، لە ژێر بارودۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووریدا، نەهامەتییەکانی  بنەماڵەی ئەو پەنابەرە سوورییە “لوبنا عەلی دیب” زیاتر دەکات، ئەمەش وای لێدەکات نەتوانێت بەربانگ بۆ کوڕەکەی دەستەبەر بکات کە تەمەنی لە سێزدە ساڵ زیاتر نییە.

ئەو پەنابەرە “لوبنا عەلی دیب”، تووشی گرفتێکی تەندروستی دەبێت لە دەستیدا، ئەمەش وای دەکات چێشت لێنان زۆر قورس بێت بۆی، لە هەمان کاتدا خێزانەکە بژێوی ژیانیان نییە، دوای مردنی مێردەکەی، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە دیمەشق، و پەناهێنانیان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.

لوبنا کە تەمەنی 46 ساڵی تەواو کردووە دەڵێت: “بارودۆخی ئابووری زۆر سەختە، مووچەی مانگانەمان نییە، ئێمە پشت بەو یارمەتیانە دەبەستین کە دراوسێکان دەینێرن، ئەوان خواردنەکانیان لەگەڵ ئێمەدا بەشدەکەن، بۆیە من و کوڕەکەم لە ژوورە بچووکەکەماندا لە مانگی رەمەزاندا رۆژووەکەمان دەشکێنین”.

ژنەپەنابەرەکە، بە زەحمەت دەتوانێت چێشت لێبنێ، بەتایبەتی دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، کە ناتوانێت دەستەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنێت. لوبنا دەڵێت ” بە هەردوو دەستم کەوچکەکە دەگرم، هەوڵ دەدەم شتێکی سووک لەم مانگەدا ئامادە بکەم، بەڵام بەهۆی نەبوونی پەنجەکانمەوە، هەمیشە لە سوتانی دەستم دەترسم”.

لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا “لوبنا” چێشتێکی شاکرییە و برنجی ئامادە کرد و وتی: “دراوسێکان پارچەیەک گۆشت و دەبەیەک رۆنیان بۆ ناردین، بۆیە بڕیارمدا شاکرییەیەک بۆ کوڕەکەم ئامادە بکەم، سەرەڕای سەختییەکەی، بەڵام سەرکەوتوو بووم، لە رۆژانی ئایندەی رەمەزاندا پشت بە خواردنە خێراکانی وەک مەعکەرۆنی بە ماست و نان بەزەیتوون و زەیت و زەعتەر، دەبەستین”.

لەگەڵ دەستپێکی مانگی رەمەزاندا، دراوسێکان بڕێک پارەیان کۆکردەوە و مێزێکی بچووکیان بۆ کڕی کە لەگەڵ باری تەندروستی لوبنای پەنابەردا دەگونجێت، ئەو دەڵێت: “دراوسێکان لە مانگی رەمەزاندا ئەم مێزەیان بە دیاری پێبەخشین”.

“لوبنا” کورتەیەک لە کێشەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “خەڵک رۆژ شتت بۆ دەهێنن، بەڵام ئەوانیش ناتوانن هەمیشە بیهێنن”، ترسی خۆی لە رۆژانی داهاتوو دەردەبڕێت، بەو پێیەی هاوکارییەکان کەمبوونەتەوە و بارودۆخی خەڵک سەختە، ئەمەش وایکردووە داهاتوو بۆ ئەو نادیار بێت.

لوبنا عەلی دیب پەنابەری سوری رێکخراوەنێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیار دەزانێت لە هاوکاریکردن و دەستەبەرکردنی دەرمان و چارەسەری گونجاو بۆی.

ئامادەکردنی: سوها کامیل – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد