سلێمانی – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندان بە ناوی “دەستەیەک لە خەڵکی شاری سلێمانی”ەوە رایگەێنرا، کە تیایدا هاتبوو، “سبەینێ بەمەبەستی پەرچەرچدانەوەی پەلاماردانی سلێمانی و رێگریکردن لە شکاندنی شکۆی خەڵکی کوردستان، لە سەهۆڵەکەی سلێمانی کۆبونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدەدرێت” داواش لەخەڵکی کوردستان دەکەن پاڵپشتیان بن، داواکاریشن جگە لە ئاڵای کوردستان هیچ دروشم و هێمایەکی حیزبی بەرز نەکرێتەوە.
دەستەیەک لە خەڵکی شاری سلێمانی لەبانگەوازێکدا بڵاویانکردەوە، “هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا کە هەموو کوشتار و شەڕ و ئاژاوەیەکی تێداحەرامکراوە، بە سەرەتای هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەزانین و بە هێرش و پەلاماری سەر کەرامەت و شکۆی کوردستان بە گشتی و سلێمانی و خەڵکەکەی بە تایبەت دەزانین”.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، “ئێمە وەک کۆمەڵێک لە کەسایەتی و خەڵکی سلێمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرش و پەلامارە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە یەکدەنگ بەرپەرچی ئەم پەلامارە بدەنەوە و ڕێگە نەدەن دوژمنان لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت شکۆی خەڵکی کوردستان بشکێنن”.