باڵیۆزی رووسیا لە دیمەشق: کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دواخرا

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەلێکساندەر یەفیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە سووریا ئەمرۆ یەکشەممە، 9ی نیسانی 2023 رایگەیاند، وادەی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی سووریا، تورکیا، ئێران و ڕووسیا بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دواخراوە.

لە راگەیەندراوێکدا بۆ ڕۆژنامەی “الوطن”ی نیمچە فەرمی ئاماژەی بەوەکردوە، کۆبونەوەکە کە پێشبینی دەکرا ڕۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت، بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دواخرا.

یەفیمۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی و راوێژەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئەنجامە ئەرێنییەکان لەم چوارچێوەیەدا.

باڵیۆزەکەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا رێگایەکی دوور و درێژە و ناتوانرێت سەرجەم پرس و کێشەکان لە خولێک یان چەند خولێکی دانوستاندا چارەسەر بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم پشتڕاستکردنەوەی یڤیمۆڤ بۆ بانگهێشتکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ڕوسیا و ئێران، لەژێر ڕۆشنایی پێداگری دیمەشقدا دێت لەسەر پابەندبوون بە گەرەنتیەکانی کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکەکەی و ڕاگرتنی پشتیوانی لە ڕێکخراوە چەکدارەکان.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، تورکیا لە لێدوانەکانیدا تاوەکو ئێستا ئامادەیی خۆی  نیشان نەداوە تاوەکو پابەندی ئەو پرەنسیپانە ببێت کە دیمەشق دەیەوێت.