لە لیبیا کۆدەنگی بۆ دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان دروست بووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممە، لە لیببا ڕێککەوتنێک لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی بەکرێگیراوان و چەکدارە بیانییەکان لە لیبیادا ئەنجامدرا.

کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی بە سەرپەرشتی عەبدوڵڵا باتیلی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا دەستیپێکرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنەی سەربازی هاوبەشی لیبیا و سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لیبیا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنەکانی لیبیا دووپاتکردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارە و بێسەروشوێنەکان کراوە، بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان.

کۆبوونەوەی بنغازی بەشێکە لە زنجیرەیەک ڕاوێژ بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی سەربازی، بەمەبەستی یەکخستنی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی و ڕاگرتنی تێکچوونی دۆخی ئەمنی وڵات، لەگەڵ ئامانجی گەیشتن بە کۆدەنگی نێوان هێزە ناکۆکەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان پێش کۆتایی ئەمساڵ.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: ئەحمەد عوسمان