هێزەکانی پێشمەرگە پەلامارێکی داعشی پوچەڵ کردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە شەوی 7/ 8ی ئەم مانگە، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی سریەی 3ی فەوجی 1ی لیوای 18ی پیادەی پێشمەرگە، لە گوندی عەڵا لە بناری چیای قەرەچوغ.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هێرشی ئەندامانی رێکخراوی داعش، لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە و پوچەڵ کراوەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا نەبوو.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە درێژەی کار و چالاکیەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، بە مەبەستی دابین کردنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە، لە ٧ی نیسان، لیوای 6ی پیادە بە سەرپەرشتی فەرماندەی لیواکە، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لە سەدی نارووجە و گوندەکانی ترقە و چەمی شیوە سور و بناری خاڵخاڵان ئەنجام دا.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی ئەو ناوچانە بە وردی پشکنران و کێوماڵ کران.