لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە مانگی رەمەزاندا پڕۆژە خێرخوازییەکان پەرەیان سەندووە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی و مرۆڤایەتی لە رۆژئاوای کوردستان کارە خێرخوازیەکانیان زیاتر کردووە.

لەم مانگەدا هەر کەسێک بەپێی توانای خۆی هاوکاریە مادییەکان دەگەیەنێتە ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی مرۆڤایەتی، هەروەها ئەو خێرخوازانەی کە لەشارەکاندا توانای مادیان باشە هاوکاری خانەوادەی هەژار و کەمدەرامەت و سێویەکان دەکەن.

ساڵانە پێش مانگی رەمەزانیش ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی مرۆڤایەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە خانەوادەی هەژار و کەمدەرامەت کۆدەکاتەوە و بەیەکسانی هاوکاریان بەسەردا دابەش دەکات.

گولستان عەزیز هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی مرۆڤایەتی بە نورس پرێسی راگەیاند، پازدە رۆژ پێش مانگی رەمەزان لقەکانی ئێمە ژمارەیەک لەو خانەوادانەی کە هەژار و کەمدەرامەتن لە رۆژئاوای کوردستان کۆدەکاتەوە و بەشێوەیەکی یەکسان هاوکاریان بەسەردا دابەش دەکات.

گولستان گووتیشی، سەرەتا لە کەمپی واشۆکانی شاری حەسەکەوە دەستمان پێکردووە کە پەنابەرانی سەرێ کانیێ تێدا نیشتەجێکراون، خواردن و هاوکاری جۆراوجۆر بۆ ماوەی یەک هەفتە بەسەر ئەو پەنابەرانەدا دابەش دەکرێت.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی مرۆڤایەتی، گوتیشی، چالاکیەکانی ئێمە لە شارەکانی حەسەکە، قامشلۆ، تەبقا، رەقا ، کۆبانێ و مەنبج بەرێوەدەچن، کە بە خواردن و مادی هاوکاری خەڵکی هەژار دەکرێت.

گولستان ئاشکراشی دەکات، ئەو هاوکاریانەی کە لە ڕێگەی ئێمەوە دەگاتە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت لەلایەن هیچ ناوەند و رێکخراوێکەوە نین بەڵکۆ هاوکاریەکان لەلایەن خەڵکی خێرخوازەوە دەگەن و دواتر بەسەر خانەوادەی هەژار و کەمدەرامەتەکانەوە دابەش دەکرێن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گولستان عەزیز هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یەکگرتووی ئاشتی مرۆڤایەتی گووتیشی، هاوکاریەکانمان بەبەردەوامی پێشکەش‌ دەکرێن بەڵام لە مانگی رەمەزاندا زیاترکراون  چونکە خەڵکی لە مانگی رەمەزاندا زیاتر خێردەکات. نەسرین قادر