سەرۆکایەتی کۆماری عێراق سەرکۆنەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی ڕابگرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فرۆکەخانەی سلێمانی کرد کە رۆژی هەینی ئەنجامدرابوو، هاوکات داوای لە ئەنقەرە کرد داوای لێبوردن بکات.
هەڵوێستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە راگەیەندراوێکدا، لە وەڵامی “دوبارەبوونەوەی” ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هات، کە دوایینیان بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بوو لە رۆژی هەیندا.
هاوکات سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە “هیچ پاساوێکی یاسایی نییە کە دەسەڵات بدات بە هێزەکانی تورکیا بۆ درێژەدان بە ڕێبازەکەیان لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی سڤیل بە بیانووی بوونی هێزی دژبەر لەسەر خاکی عێراق.”
جگە لەوە داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبوردنێکی فەرمی بکات لەسەر ئەم کردەوانە و واز لە “دەستدرێژیەکان” بهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، داوای لە تورکیا کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی دەرگای دیاڵۆگ بەرەو لایەنە پەیوەندییدارەکان بکاتەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هۆشداریدا لەبارەی “ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لە داهاتوودا، هەڵوێستێکی توندییان دەبێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان “.
لەم نێوەندەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆردومانی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرکۆنە کرد و لە هەمان کاتدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو گرژییانەی دوای ڕووداوەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هاتە ئاراوە دەربڕی.