مەزڵوم عەبدی ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئیدانەی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد و رایگەیاند فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە “هەڵوێستی نەتەوەییانەی یەکێتیی نیشتمانی لە پاڵپشتیکردنی براکانی لە سووریا، تورکیا بێزار دەکات.”

فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەمرۆ شەممە 8ی نیسانی 2023، لە تویتێکدا رایگەیاندووە، “بە توندی ئیدانەی ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکەین”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو پێشێلکارییانە لە عێراق و سوریا بەردەوامن و ڕەهەندی مەترسیداریان بەرامبەر بە هەموو ناوچەکە هەیە “.

مەزڵوم عەبدی پێیوابوو کە پشتیوانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە “براکانی لە سوریا” تورکیا توورەدەکات و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی “پەیوەندییە پرەنسیپییەکانیان لەگەڵ براکانیان و هاوپەیمانەکانیان لە سلێمانی بەردەوام دەبن و لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا یەکگرتوو دەبن”. 

رۆژی هەینی 7ی نیسانی 2023، توڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەشێک لە میدیاکان، هەواڵێکیان بڵاوکردەوە باسی ئەوەیان کرد کە فەرماندەی گشتیی “هەسەدە” لە بۆردومانی شاری سلێمانیدا کراوەتە ئامانج ، بەڵام “هەسەدە” لە راگەیەندراوێکدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

 دوێنێ هەینی، سیاسەتمەدار و پارێزەری ئیتاڵی جیانی فێرنێتی ڕایگەیاند، بارودۆخی سیاسی سوریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوتوێ کردووە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند:” سێ ئەمریکی لەناو کاروانی ئامانجکراوی سلێمانیدا بوون، هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە، بەڵام لە راگەیەندراوەکەدا ناڵێت کە تورکیا بۆردومانەکەی ئەنجامداوە.”

 لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، مەزلۆم عەبدی لە شاری حەسەکە، پێشوازی لە هەردوو سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان، بافڵ تاڵەبانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا، جەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلین کرد بوو.