ئۆکرانیا ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ دیمەشق هەڵدەوەشێنێتەوە

 دیمەشق- نۆرس پرێس

کیێڤ بە شێوەیەکی تاکلایەنە رێککەوتنێکی نێوان ئۆکرانیا و سوریای سەبارەت بە هاوکاری لە بواری گومرگی نێوان هەردوو وڵاتدا هەڵوەشاندەوە.

تاراس مێلنیچوک، نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی ئۆکرانیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە رۆژی هەینی 7ی نیسانی 2023، لە ڕێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند: “ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی ئۆکرانیا و حکومەتی سوریا سەبارەت بە هاوکاری لە کاروباری گومرگیدا کرابوو، کۆتایی پێهات”.

ڕێککەوتنەکەی نێوان کیێڤ و دیمەشق سەبارەت بە هاوکاری گومرگی، کە لە کیێڤ واژۆ کرا، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیرانی 2003.

 لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سوریا سەبارەت بە هاوکاری بازرگانی، ئابووری و تەکنیکی هەڵوەشاندەوە.

جێگەی سەرنجە کە لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا، سوریا لایەنگری ڕووسیای کرد لە دژی ئۆکرانیا.