دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزیری ئابووری ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای سزای بەسەر سوریا بۆ ماوەی 50 ساڵ ئامادە کردووە، کە بریارە پێش پەسەندکردنی بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی.
نوسینگەی راگەیاندنی یولیا سڤیریدنکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە “حکومەتی کیێڤ ئەمڕۆ پێشنیاری وەڵامدانەوەی کۆتایی و توندی بۆ هەڵوێستی سوریا کردووە، کە بریتییە لە سەپاندنی سزا بەسەر دیمەشق بۆ ماوەی 50 ساڵ، بەمەش پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ سوریا دادەخرێت”، بەڵام ئەم بڕیارە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری دەکرێت پێش ئەوەی پەسەند بکرێت.
روونیشیکردەوە، سزاکان بریتین لە سنووردارکردنی مامەڵە بازرگانییەکان، قەدەغەکردنی وەبەرهێنان لە سوریا، گواستنەوەی کەلوپەلەکان، گەشتە ئاسمانییەکان و سنوردارکردنی هاتوچۆوی هاوڵاتیانی سوریا لەسەر خاکی ئۆکرانیادا.
یولیا سڤیریدنکۆ ئاماژەی بەوەشکرد: “کیێڤ دەستبەرداری جێبەجێکردنی ئەرکە ئابووری و داراییەکانی لە سوریا دەبێت، هەروها گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و مافی خاوەندارێتی فیکری قەدەغە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا چوونە ژوورەوە بۆ ئەو کەشتیانەی ئاڵای سوریایان لەسەرە قەدەغە دەکرێت”.
سڤیریدنکۆ دەلێت:”کیێڤ پێشتر سزای بەسەر بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریادا سەپاندبوو، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پچڕاندبوو و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ سوریا هەڵوەشاندەوە”.
لە 29ی حوزەیرانی 2022، ڕژێمی سوریا دانپێدانانی بە “سەربەخۆیی و سەروەری کۆماری دۆنێتسک و لوهانسک” لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
ڕۆژێک دوای ئەو دانپێدانانە، کیێڤ پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد راگەیاند، کیێڤ هەڵوێستەکەی سوریا بە “کردەوەیەکی نادۆستانە” ناوبرد.