سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکوومەت کرد بە بۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمەریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوە دا ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لەنێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت.
لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش کرا.