بنیاتنانی هەزار یەکەی نیشتەجیبوون بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە لە لازقییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، پارێزگای لازقییە بە هاوکاری مانگی سووری ئیمارات، پڕۆژەیەکی بۆ دروستکردنی یەکەکانی پەناگەی کاتی پێشوەختی لە لازقییە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە راگەیاند، پڕۆژەکە نزیکەی هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت بە خزمەتگوزارییەوە، کە بەسەر حەوت ناوچەی شارەکەدا دابەشکراون .
سەرۆکی شاندی مانگی سووری ئیمارات لە لازقییە، محەمەد مەتەر ئەلکەعبی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیای گشتی بیناسازی و گەشەپێدان، ئەندازیار فیراس محەمەد، تێڕوانینێکی گشتییان سەبارەت بە پڕۆژەکە، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی، بنەما پەسەندکراوەکانی دامەزراندنی لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ناو یەکەنیشتەجێبوونەکان، پێشکەش کرد.
ئەلکەعبی روونیکردەوە، بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم یەکەنیشتەجێبوونانە کەمکردنەوەی فشارەکانە لەسەر پەناگەکان، بەو پێیەی لە ناوچەی “الغراف” 350 یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت، کە هەر یەکەیەک جێگەی 6 کەس دەکاتەوە، بە کوالیتی جێبەجێکراوە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەپێی پێویستی خێزانەکان ئامادەکراون، لە هەمان کاتدا وزەی لە خۆرەوە وەرگیراو و پاتری دابینکراون بۆ یەکەکان کە بە درێژایی کات کاردەکەن.
هەر لەو پێوەدانگەدا، عەبدولحەکیم نوعیمی، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق، رایگەیاند، “پڕۆژەکە دەربڕینی هاودەنگی هەمیشەیی ئیماراتە لەگەڵ گەلی برای سوریا و بەردەوامی پاڵپشتییە مرۆیی و فریاگوزارییەکانی، هەروەها وەک بەردەوامی پێشکەشکردنی هاوکاری فریاگوزاریشە بۆ سوریا”.