ئەمریکا پێشوازیی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەکات بۆ رەوانەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری (عێراق- تورکیا)وە.
گوتیشی: “بەو هەنگاوەیان بەرپرسانی عێراق، بەرژەوەندیەکانی گەلی وڵاتەکەیان پێش بەرژەوەندیەکانی خۆیان خستوە و هەنگاوێکی گرنگە”.
رۆژی 4ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیری عێراق، کۆبونەویەوە و رێکەوتنی نێوان هەردولا لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی بەکۆمپانیای سۆمۆی عێراقی واژۆکرا.
بەگوێرەی رێکەوتنەکە، نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و کڕیارەکانیش نەوتیش، راستەوخۆ هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکەن، لەبەرامبەریشدا پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.