فەرەنسا و چین هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەدەن

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

شی جین پینگ، سەرۆکی چین، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، ئەمرۆ پێنجشەممە، 6ی نیسانی 2023، سەرنجیان خستە سەر پشتیوانیکردنی فرە جەمسەری لە جیهان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات بەشێکی کۆبوونەوەکەیان بۆ هەوڵدان بوو لە هێنانەدی ئاشتەوایی لە ئۆکرانیادا.

سەردانەکەی ماکرۆن بۆ چین سێ ڕۆژ دەخایەنێت، جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و بازرگانی بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی چیندا.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆکی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ فەرەنسا ئامادەیە بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ پاراستنی وڵاتەکانیان لە چوارچێوەی قەیرانی ئۆکرانیا، بە توندی پابەندی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی دەبن به زوترین کات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوتاکەیدا هاوڕایە بۆ پاڵپشتی و بەرەوپێشبردنی باشترکردنی حوکمڕانی جیهانی، هاوکات ماکرۆنیش ئاماژەی بەوەدا کە “پێویستە نەک تەنها کۆتایی بەو ململانێیە بهێنرێت، بەڵکو ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بگیرێت”.

ئاژانسی هەواڵی چین، لە زاری پینگەوە نووسیویەتی: “پێویستە چین و فەرەنسا بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی فرە جەمسەری لە جیهاندا و دیموکراسیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دژایەتی عەقڵیەتی شەڕی سارد و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییە جیاوازەکان.”

دوایین جار کە ماکرۆن سەردانی چینی کرد، زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر بوو، ئەو کاتەی بارودۆخی نێودەوڵەتی بەیەکەوە گرێدرابوو، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و کاردانەوەی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

پینگ گوتی: “ئەمڕۆ جیهان بە گۆڕانکاری قووڵی مێژووییدا تێدەپەڕێت، هاوکات چین و فەرەنسا وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و وەک لایەنگری بەهێزی فرە جەمسەری لە جیهان و بە دیموکراتکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، توانا و بەرپرسیارێتییان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان”.

چین بانگەشەی ئەوە دەکات بێلایەنە لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لە ” هاوبەشییە بێ سنوورەکەی ” کردۆتەوە لەگەڵ ڕووسیادا. مانگی ڕابردوو سەرۆکی چین شی جین پینگ لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتیندا کۆبۆوە و دووبارە جەختییان لە دۆستایەتییەکەی نێوانیان کردەوە.

چین ڕەتیکردۆتەوە ڕەخنە لە کارەکانی ڕووسیا بگرێت لە ئۆکرانیادا، بەرپرسێکی باڵای فەرەنساش دانی بەوەدانا کە پاریس پێشبینی ئەوە ناکات گۆڕانێکی گەورە لەو هەڵوێستەی چیندا ببینێت.

سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەشکرد:” لە رابردوودا گفتوگۆی دۆستانەی قووڵ هەبووە و رێککەوتوین لەسەر پاراستنی سەقامگیری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەستنی کۆبوونەوە و دانیشتنی نوێ لەنێوان نەیارەکانی گفتوگۆدا لەئاستی باڵا ئەویش لەسەر ستراتیژییەتی ئابووری، کلتوور، ئاڵوگۆری دارایی، بەمەش بڕیارە ئەمساڵ جارێکی دیکە دابنیشینەوە.”

بە گوێرەی ئاژانسە فەرمییەکەی چین، هەردوولا ڕێککەوتوون کار بۆ قوڵترکردنی هاریکارییەکانیان لە بۆشایی ئاسمان و ووزەی ئەتۆمی و لایەنەکانی دیکەدا بکەن.

بڕیارە سەرۆکی هەردوو وڵات، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین لە چین ئەنجامبدەن.