دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە سەردانێکی فەرمی دوو رۆژیدا بۆ تورکیا، لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی، رێڕەوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، لەنێو پاکێجێکی دۆسیە هەرێمییەکانی دیکەدا تاوتوێ دەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەسەر بانگهێشتی هاوتاکەی مەولود چاوشئۆغڵو لە سەردانێکیدا ، رۆژانی 6-7ی نیسان لە ئەنقەرە، کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان تاوتوێدەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی “تاس”ی رووسی، لاڤرۆڤ لەگەڵ لایەنی تورکیا، پرسی وزە، دۆخی دەوروبەری ئۆکرانیا، جێبەجێکردنی رێککەوتنی دانەوێڵە، ئەمە جگە لە ئەرکەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناگۆرنۆ قەرەباخ و ڕێڕەوی ئاساییکردنەوە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، تاوتوێدەکەن.
بڕیارە ئەو دوو وەزیرە لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەدا، رۆشنایی بخەنەسەر رێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، کە ئەو دوو وەزیرە دوو رۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی چوارلایەنەیان لەگەڵ هاوتا سووری و ئێرانییەکانیان ئەنجامدا.
رووسیا پێشنیاری کرد کاربکرێت بۆ دیاریکردنی شوێن و کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزارەت، کە پێدەچێت لە مۆسکۆ بێت، بەپێی ئەوەی چاوشئۆغڵو لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ناتۆ دوێنێ لە برۆکسل درکاندی.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە قۆناغێکی پڕ لە گێژاودا دێت لە ناوخۆی تورکیا کە لە لێواری هەڵبژاردنی چارەنووسسازدایە، دوای چەند مانگێک لە بومەلەرزەیەکی وێرانکەر کە ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری ئەو وڵاتە و باکووری سوریای گرتەوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی ئێستای رووسیا و تورکیا، پاکێجی رێککەوتنە دانەوێڵەییەکانی نێوان رووسیا، تورکیا، ئۆکرانیا و نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە مانگی تەمموزی رابردوودا لە ئەستەنبوڵ گەیشتە ئەنجام.
جگە لەوەش لە سەروبەندی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ ئەنقەرە، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەرۆکی بەشە دیپلۆماسییەکان کار لەسەر “خشتەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا” دەکەن.
پێشتر ئەردۆغان، ئەگەری سەردانی رووبەڕووی سەرۆکی رووسیای بۆ تورکیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بارکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی لە وێستگەی کارەبای ئەتۆمی ئاکویو لە تورکیا بە دوورنەزانی، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدایە و رووسیا جێبەجێی دەکات.
هەروەها پێشبینیش دەکرێت هەردوو وەزیر لەڕێگەی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی دووەمدا لەشێوەی “سێ کۆی سێ” کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە دانراوە، سەرنج بخرێتەسەر گفتوگۆ لەبارەی ناگۆرنۆ- قەرەباخ تەرخان بکەن، کە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ ئەم وڵاتانە رێکیخستووە (ئازەربایجان، ئەرمینیا و جۆرجیا، هەروەها رووسیا و ئێران و تورکیا).