سلێمانی – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە کێڵگەی حەسیرە دەستیپێکردەوە و رۆژانە 65 تانکەر دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی بازیان.
ئەمڕۆ دوای هەشت رۆژ وەستان لە هەناردەکردن، دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە دەستیپێکردەوە و ئێستا دوای دەرهێنان بە تانکەر نەوت دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی بازیان.
بەهۆی نەکرانەوەی بەندەری ڤەیهان لە تورکیا، نەوتەکەی حەسیرە ناگوازرێتەوە بۆ خورمەڵە، بەڵکو دەچێتە بازیان و لەوێ دەپاڵێورێت بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەکاردەهێنرێتەوە.
کێڵگەی حەسیرە دەکەوێتە شارۆچکەی سەرقەڵا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە رۆژانە 35 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 14 هەزاربەرمیل، لە بەرواری 25-3 لە رۆژی هەینییەوە ئەو تەنکەرانەی لە حەسیرەوە نەوتیان بار دەکرد لە خورمەڵە وەستان و بارەکانیان خاڵی نەکردووە.
راگرتنی هەناردەی نەوتی حەسیرە لە کاتێکدابوو، رۆژی 25ـی ئەم مانگەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، بەڵام هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی چیاسوورخ لە شارۆچکەی قۆرەتوو لە گەرمیان رانەگیراوە و رۆژانە شەش تەنکەر نەوت دەنێرێت بۆ پاڵاوگەکانی سلێمانی.