روسیا و سوریا لە سەر رادەستکردنەوەی تاوانبارەکان رێکەوتن دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە، 5ی نیسانی 2023، ئەنجومەنی دومای رووسیا تاوتوێی پەسەندکردنی رێککەوتنەکانی نێوان ڕووسیا و سوریا دەکەن سەبارەت بە هاوکاری یاسایی هاوبەش لە بابەتە تاوانکارییەکان و ڕادەستکردنەوەی کەسەکان بۆ لێپێچینەوەی یان جێبەجێکردنی سزاکانیان.

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا رۆژی سێ شەممە، بەڵگەنامەی رێکەوتنەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

 یاساکە بەگوێرەی یاسای هەردوولا جەخت دەکاتە سەر ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران و تاوانبارەکان، بە تایبەتی ئەگەر کردەوەی ئەو کەسانە “سزایەکی تاوانکارییان لەسەر بێت و سزای زیندانیکردنیان لە ساڵێک کەمتر نەبێت یان سزایەکی توندتری بەدوای خۆیدا هێنابێت”.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە، ئەگەر هات و تاوانبارەکە بە سزایی لەسێداردانی حوکمدرابێت، ئەوا لایەنی دووەم دەتوانێت تاوانبارەکە رادەستی لایەنی داواکراو نەکات، تەنها لەو حاڵەتە نەبێت کە لایەنی دووەم گەرەنتی سەلامەتی ژیانی تاوانبارەکە بکات.

لایەنی داواکار دەتوانێت بەگوێرەی یاسا لە کاتی پێویستدا داوای دەستبەسەرکردنی کاتی کەسەکە “تاوانبارەکە” بکات پێش پێشکەشکردنی داواکاری ڕادەستکردنەوەی بۆ لایەنی دووەم بکات.