لەماوەی چارەکی یەکەمی 2023… لە سوریا 331 کەس بوونەتە قوربانی مینەکان

نۆرس پرێس

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە، لایەنەکانی ململانێی نێوخۆی ئەو وڵاتە پەنایان بردووەتە بەر چاندنی مین، تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو لەنێو ناوچەکانی خۆیان و لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشی زەمینی بپارێزن، بێ ئەوەی گوێ بدەنە بەر زیانەکانی ئەو مینانە لە داهاتوودا.

جگە لەوە، ئەوەی یارمەتی داون بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدەن ئەوەیە کە سوریا واژووی لە سەر  پەیماننامەی قەدەغەکردنی مین نەکردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە لایەنەکانی ململانێی سوریا لەڕووی یاساییەوە دەتوانن لە دەستی یاسا ڕابکەن و هەڵبێن.

بەگوێرەی هەواڵێکی چاودێری مین، دوای 12 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی، 16 هەزار و 301 کەس بەهۆی پاشماوەی مین و تەقەمینەکانەوە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2022 گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی چاودێری مین ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سوریا لە ریزبەندی یەکەمی لیستی “گەورەترین قوربانیانی پاشماوەی جەنگدا بووە”.

خەڵکی سڤیل بەتایبەتی منداڵان قوربانی یەکەمی مین وتەقەمەنیەکانن کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی نیشتەجێبووان دروستکردووە، چونکە ئەوان بێ ئاگان لەوەی کە چییە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ مینەکاندا بکەن، ئەم پاشماوانەش مەترسییەکی جددی لەسەر نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات، پاککردنەوە و نەهێشتنی مینەکانیش پێویستی بە دەیان ساڵ کارکردن هەیە.

بەشی بەدواداچوون و بەڵگەنامە لە ئاژانسی نۆرس پرس، ئاماری قوربانیەکانی مینی لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023  بڵاودەکاتەوە، کە بەم شێوەیە:

هاوڵاتیانی مەدەنی:

129 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە

لەنێویاندا 38 منداڵ و 9 ژن

134 کەس برینداربوون

لەنێویاندا 46 منداڵ

سەرباز و چەکدارەکان:

36 کوژراون

32 بریندار

نەخشەی جوگرافی قوربانییەکانی مین و تەقەمینەکان لە سوریا:

127 لە دەیرەزۆر

60 لە حەما

40 لە حەلەب

37 لە حومس

19 لە رەقا

13 ئیدلب

12 دەرعا

12 حەسەکە

8 دیمەشق

2 سویدا

1 لەزقیە

ساڵی 2022 “ناوەندی کارتر” راگەیاند، کە ژمارەی مین و بۆمبی چێندراو و تەقەمەنی لە سەرتاسەری سوریا گەیشتووەتە 6 هەزار و 632 دانە، هاوکات ژمارەی مینی زەمینی گەیشتووەتە 60 هەزار دانە، هەروەها ژمارەی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە لە ئاسمانەوە فرێدارون خوارەوەگەیشتووەتە 364 هەزار.

لە ڕۆژی جیهانی هۆشیاری لە مەترسیی مینە چێندراوەکان، دەبێت کار لە سەر کاریگەرییەکانی مانەوەی مینەکان بکرێت، بە تایبەتی لە ناوچە کشتوکاڵییەکان، چونکە بەدڵنیایەوە مانەوەی مینەکان دەبێتە بارگرانییەکی قورس لە سەر ئابوری سوریا و ئایندەی ئەو وڵاتە.

هەرچەندە یاسای نێودەوڵەتی، بەکارهێنانی مین قەدەغە دەکات، بەڵام لایەنە ململانێیەکانی نێو سوریا، مینەکان وەک چەکێکی سەرەکی بەکار دەهێنن بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشی دوژمنان.

لایەنەکانی نێو شەڕی سوریا بە تایبەتی “رێکخراوی داعش” وەک پێشێلکاری یاسایی نێودەوڵەتی و ئەنجامدەرانی تاوانی شەڕ دادەنرێن، چونکە پابەند نەبوون بە مەرجەکانی بەکارهێنانی چەک، کە پێویست بوو هۆشداری بدەنە خەڵکی مەدەنی کە نزیکی ئەو ناوچانە نەبنەوە کە مینڕێژ کراون، یاخود دانانی تابلۆی ئاگادارکردنەوە لەسەر سنووری ئەو شوێنانەی کە مینیان تێدا چێندراوە.