فەرەنسا بڕیاری دادگاییکردنی بەرپرسانی باڵای “ڕژێمی سوریا” دەدات.. لەنێویاندا بەرپرسی هەواڵگری هەیە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە بەشی “تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی” لە دادگای دادوەری پاریس، رۆژی سێشەممە، 4ی نیسانی 2023، فەرمانی ئاشكراکردنی لیستی تومەتبارکردنیان لەبەردەم دادگای تاوانەکانی پاریس لە دژی سێ “بەرپرسی باڵای ڕژێمی سوریا”دەرکرد.
ئەمەش نوێنەرایەتی یەکەم دادگاییکردن دەکات کە پەیوەندی بە پێشێلکارییەکانی “ڕژێمی سوریا”ەوە هەیە لە فەرەنسادا. هەروەها بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کە ئەندامانی دەسەڵاتداری نزیک لە بەشار ئەسەن، سەرۆکی سوریا دادگایی بکرێن.
بنەماڵەی ئەلدەباغی سووریی- فەرەنسی ئەو لایەنە مەدەنیانەن کە لە ساڵی 2016دا سکاڵایان لەسەر “عەلی مەملوک، جەمیل حەسەن و عەبد ئەلسەلام مەحمود” تۆمار کردووە و ئەوان بە بەرپرسی باڵای “ڕژێمی سوریا” دادەنرێن.
ئەم سێ بەرپرسە ڕووبەڕووی تۆمەتی “هاوبەشی لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ” دەبنەوە دوای لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی مازن دەباغ، سەرپەرشتیاری یەکەمی قوتابخانەی فەرەنسی لە دیماس و پاتریکی کوڕی کە خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی زانستی دەروونناسییە.
مازن دەباغ و کوڕەکەی کە دوو هاوڵاتی سووری-فەرەنسی بوون، لە مانگی تشرینی دووەمی 2013ەوە لەلایەن هەواڵگری سوریاوە لە فڕۆکەخانەی مەزە لە دیمەشق دەستگیرکران، دواتر دەسەڵاتدارانی سوریا لە ساڵی 2018دا بەڵگەنامەی مردنیان لەگەڵ هەزاران کەسی دیکەدا بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی شوێنی دەستبەسەرکردنیان یان بارودۆخی مردنیان ئاشکرابکرێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2016دا، عوبێدە ئەلدەباغ، برای مازن ئەلدەباغ، کە لە کاتی خوێندنییەوە لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێیە، سکاڵای لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ تۆمارکرد.
بۆ ئەو، ئەم بڕیارە دەبێتە پاداشتی ساڵانێک لە دادگاییکردن و دەتوانێت هیوای سزادانی بۆ ئەو کەسانەی هەبێت کە بەرپرسیارن لە بێسەروشوێنکردن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی کەسوکارەکەی.
عوبێدە ئەلدەباغ لە یەکەم گوتەیدا دوای بڕیارەکەی فەرەنسا، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خێزانەکەم و بۆ هەموو قوربانیانی سوریا، کە دوای چەندین ساڵ لە کارکردن و ماندوبوون بۆ ئاشكراکردنی راستییەکان، لە کۆتاییدا ئەوەتا چەند بەرپرسێکی گەورە دەچنە بەردەم دادگا”.
ئەلدەباغ داوای لە دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا کرد بە زووترین کات ئەم دادگاییکردنە ڕێکبخەن.
ئەم بڕیارە بۆ یەکەمجار لە فەرەنسا ڕێگە خۆش دەکات بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی باڵای سوریا، “عەلی مەملوک، بەرپرسی هەواڵگری سوریا و ڕاوێژکاری نزیک لە بەشار ئەسەد، جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری هەواڵگری سوریا – هێزی ئاسمانی و عەبدولسەلام مەحمود، بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەخانەی سەربازی مەزە لە دیمەشق.”
لە ئەگەری ئەوەی تۆمەتباران لەسەر خاکی فەرەنسا نەبن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری زۆر کەمی دەستگیرکردنیان پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە، پێدەچێت بە غیابی راگیرێت.