هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی واژۆکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ سەردەمێکی نوێی هاوکاریی بەهێز و بەردەوام لە نێوان هەولێر و بەغدا.
لەپەیامێکیدا، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکەماندا لە بەغدا، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتیەکەی و ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە نوێبوونەوەی هاوکاری لە نێوانماندا.
ئاشکراشی دەکات، ئەم رێککەوتنە، خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو وڵات دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
گووتیشی، هەردوولامان هاوڕاین کە ئێستا چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، هەروەها دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆکان لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گاز دەست پێبکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم دواییانەی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بە کۆی وڵات گەیاندووە. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زۆر پێویست دەستەبەر بکات. هەڵوێستی ئێمه هەمیشه کارکردن بووه لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک که لە چوارچێوەی دەستووردا، ڕێز له مافەکانمان بگیرێت. بێگومان ڕۆڵی دیار و گرنگی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هێزێکی تایبەت بەم ڕێککەوتنە دەبەخشێت.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە لە ئەمڕۆوە، پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەبێت و دەتوانین دەست بە سەردەمێکی نوێی متمانە و هاوکاری بکەین. هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ڕایگەیاند، ئێستا دەبێت جەختمان لەسەر فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر بێت بە شێوەیەک ، کە سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەبێت.
لەکۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم بۆ ڕۆڵی گرنگی و پشتیوانی بەردەوامی، هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنی. سوپاسی شاندی تەکنیکی هەردوولاش دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، كە بە شێوەیەکی زۆر چڕ کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەیەنن و هیوادارم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.