ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی عەفرین بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە
عەفرین – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر دانیشتووانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن.
لە بەیاننامەکەیاندا باسی ئەوەکراوە، کە گروپە چەکدارەکان پێشێلکاری زۆریان بەرامبەر بە خەڵکی عەفرین کردووە، بەجۆرێک پێشێلکاریەکانی بیروباوەڕ و ئاینی خەڵکی بوون، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هیچ ڕێگرییەکی یاسایی و ئەخلاقی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 1ی نیسانی ئەمساڵەوە دوو کوردی ئێزیدی لە ناوچەی عەفرین ئایینەکەیان گۆڕیوە و بونەتە ئیسلام، لەم کاتەدا ئەمە بە ناچاریی لەقەلەم دەدرێە نەک بە ویستی خویان ئاینیان گۆڕیوە.
ئەنجومەنی کوردی، هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە زیان بە بیروباوەڕ و ئایینەکانی دانیشتوان و ئازادییەکانیان دەگەیەنێت شەرمەزار دەکەن.
ئاماژەیان بە وەشداوە کە ئێزیدییەکان لەگەلی کوردن و وەک ئایینەکانی دیکە مافیان ئەوەیان هەیە کە پارێزگاری لە ئایینەکەیان بکەن و ڕێزیان لێبگیرێت، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەوان پێشێلکردنی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە کە ئەو ئایینە بە لێبوردە و ڕێزە لە بیروباوەڕەکانی تر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ئەنجومەنی کوردی، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانی کرد کە ئەم ڕەفتارە و پێشێلکاریانە ڕابگرن چونکە پێچەوانەی بەها و بنەماکانی مافی مرۆڤە.