کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی سعودیە، ئێران، سوریا و عێراق لە عومان کۆدەکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، قەیس ئەلعامری باڵیۆزی عێراق لە عومان، لە بارەگای باڵیۆزخانەکەی عێراق لە مەسقەت، لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی سعودیە، ئێران و سوریا کۆبووەوە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە مەسقەت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، کە قەیس سەعد عامری باڵیۆزی عێراق لە مەسقەت، شانازی بە میوانداریکردنی عەبدوڵا ئەلعنزی باڵیۆزی سعودیە، و عەلی نەجەفی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، و باڵیۆزی سوریا، ئیدریس میا کردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕایان لەبارەی بارۆدۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕکردووە، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئارامدا بەرێوەچوو و ئامادەبووان بە گەشبینیەوە کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.
باڵیۆزی عێراق بۆ ماڵپەڕی عومان خۆشحاڵی خۆیی بە میوانداریکردنی هاوتاکانی دەربڕیوە و گووتی، ئەم کۆبوونەوەیە بەبێ هەوڵی ئەو وڵاتەی کە ئەمڕۆ تێیدا کۆبووینەتەوە، واتا عومان نەدەکرا و هەروەها بەغداش بە پەرۆش بووە بۆ ئاسانکاری گفتوگۆی نێوان ئەو وڵاتانە.
جێی باسە ئەم دیدارە بە یەکەمین دیدار لەقەلەم دەدرێت کە لە نێوان باڵیۆزی ئەو وڵاتانە بە ماوەیەکی کەم لە دوای ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێراندا ئەنجام دەدرێت، ئەو رێککەوتنەی سعودیەو ئێران لە 10ی ئازاردا کراوە و تێیدا باس لە گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکرێت کە 7 ساڵ لەمەوبەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا پچڕابوو و دووبارە باڵیۆزخانەکانیان کردەوە.