ئەمڕۆ بەفەرمی فینلەند وەک ئەندامی ناتۆ دەناسێنرێت

هێلسنکی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، فینلەندی دراوسێی رووسیا، بەفەرمی دەبێتە ئەندام لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی “ناتۆ” و ئاڵای وڵاتەکە لە بارەگای ناتۆ ھەڵدەکرێت.

“ینس ستۆڵتنبێرگ” ئەمینداری گشتی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە برۆکسل رایگەیاند، بەفەرمی فینلەندا دەبێتە ئەندامی ناتۆ و خێراترین بە ئەندامبوونە لە مێژووی ھاوچەرخی ھاوپەیمانییەکەدا، کە وڵاتێک بەو ماوە کەمە ئەندامێتی قبوڵ بکرێت.

سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی، “سەلماندمان بۆ پووتین کە دەرگای ناتۆ داخراو نییە و پێچەوانەی پێشبینییەکانی، فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ.”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، “لە پەیوەندیداین بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوە رووبدات.”

بە ئەندامبوونی فینلەندا ھاوکاتە لەگەڵ یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ، بەوەش ژمارەی ئەندامانی ھاوپەیمانییەکە دەبێتە 31 وڵات و ھەروەک دەبێتە نۆیەمینجار کە ھاوپەیمانی ناتۆ فراوان دەبێت.

پرسی بەئەندامبوونی فینلەندا لە دوای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکرد کە حکومەتی فینلەندا وازی لە بێلایەنی ھێنا و لەگەڵ سوید داواکاری پێشکەشکرد و رەزامەندی وڵاتانی ئەندامی ناتۆی بەدەستھێنا.

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، “سبەینی سێشەممە فینلاند بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و بەشداریی هەموو کۆبوونەوە و دەرکردنی بڕیارەکان دەکات.”

هاوکات وڵاتی فینلاندیش هەمان هەواڵی پشتڕاست کردەوە، بڕیارە لە رێوڕەسمی بوونە ئەندام لە ناتۆش هەریەکە لە ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند؛ ئانتی کایکۆنێن، وەزیری بەرگی و پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بەشداری بکەن. وەزیری دەرەوەی فینلاند رایگەیاندووە، “ساتەوەختێکی مێژووییە بۆ ئێمە.”

رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت و فینلاند دەبێتە 31مین ئەندام و پەیماننامەی ناتۆ لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە.