ئابروچونێک کە وێنەی نەبووە لەمێژووی ئەمریکا

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، 5ی نیسانی 2023، ئەمریکا شایەتحاڵی پێشینەیەکی مێژوویی دەبێت، ئەویش بە دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ وەک یەکەم سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لەبەردەم دادگادا، دوای هەفتەی رابردوو، ژمارەیەک تۆمەتی بە فەرمیی ئاراستەکران.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی دووشەممە، گەیشتە شاری نیویۆرک، تاوەکو لە دادگا، وەڵامی یەکەمین تۆمەتی تاوانکاریی بداتەوە، یەکەمین کەسە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتبێت و بەفەرمی تۆمەتی تاوانێکی درابێتە پاڵ.

پاشنیوەڕۆی سێشەممە، ترەمپ لە هۆڵی دادگا ئامادە دەبێت لەبەردەم دەستەی دادوەری گەورە کە لەلایەن داواکاری گشتی، ئەڵڤن براگەوە پێکهێنراوە.

وەکو بەشێک لە رێکارەکانی دادگاییکردنی، ترەمپ رۆژی سێشەممە دەستبەسەردەکرێت، پەنجەمۆرەکانی وەردەگیرێن.

 جۆ تاکۆپینا، پارێزەری ترەمپ بە میدیای ئەمریکای گوتووە: “پێناچێت ترەمپ بە کەلەپچەوە بە بەردەم کامێراکاندا ببردرێت، چونکە سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە و لەژێر پاراستنی هێزە ئەمنییە نهێنییەکانی ئەو وڵاتەدایە.

پارێزەرانی ترەمپ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە وێنەگرتن و ڕوماڵکردنی دادگاییکردنەکە و رایانگەیاند کە: “کەشێکی  وەک سێرک لە دەوری ئەم دۆسیەیەدا خراپتر دەکات”.

واتە ئەگەر راگەیاندن رووماڵ بکات گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت و کەشوهەوای دادگایکردن لە دەستدەدات.

درەنگانی ڕۆژی دووشەممە، دادوەر خوان مێرشان بڕیاریدا کە پێنج فۆتۆگرافەر بۆ چەند خولەکێک پێش دادگاییکردنەکە ئامادە دەبن، کامێرای تەلەفزیۆنی تەنها لە بیناکەدا ڕێگەپێدراوە و لەناو هۆڵی دادگادا ڕێگەپێدراو نییە.

ترەمپ کە خاوەنی ئیمپراتۆریەتی کڕین و فرۆشتنی عەقاراتە، ئەمڕۆ ڕەتیدەکاتەوە هیچ هەڵەیەکی کردبێت و پارێزەرەکانی هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاندووە، شەڕ دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکان.

تۆمەتبارکردنەکە لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی مانهاتنەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێک رۆژی پێنجشەممە، 30ی ئازاری 2023، دەستەی بڕیاردەرانی کەیسەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە دادگەیەکی ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرک، ترەمپیان بەفەرمی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵی 2016، بەرتیلی بە ستۆرمی دانیاڵس داوە، کە ئەستێرەیەکی پۆڕنە، بۆ ئەوەی پەیوەندییە نهێنییەکەی نێوانیان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواوی وردەکارییەکانی کەیسەکەی دژی ترەمپ ئاشکرا نەکراوە.

ڕاپۆرتە میدیاییە گەورەکانی وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمەتی تۆمەتبارکردنی ترەمپ زیاتر لە 30 تۆمەتی تێدایە و لانیکەم یەک تاوانی گەورەی تێدایە، کە پەیوەندی بە پێدانی پارەی زۆرەوە هەیە بۆ بێدەنگکردنی ئەستێرەیەکی پۆرن.

بۆ میدیاکان و بینەرەکانیان لە ئەمریکا، ئەمرۆ پێشینەیەکی مێژوویی دەبێت، چونکە ترەمپ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا لەلایەن دادگەوە بەفەرمی وەکو تۆمەتبار دابنرێت.

 پێشبینی دەکرێت زۆرێک لە میدیاکانی راگەیاندن لە دەرەوەی دادگای تاوانەکانی مانهاتن قەرەباڵغی بکەن کاتێک ترەمپ لە ژێر ئاسایشێکی توندا دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی وێنەیەک یان ڤیدیۆی بگرن چونکە چاوەڕێدەکرێت وێنەکان ببنە بەناوبانگترینی سەردەم، کە لە تۆمەتبارێک گیرابن. 

پۆلیسی نیویۆرک ئامادەیی خۆی نیشانداوە و داوای لە 36 هەزار ئەندامەکەی کردووە ئامادەی کارکردن و جێگیرکردن وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆپێشاندانی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ. 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، دوای دانیشتنی دادگاییەکە گوتارێک پێشکەش دەکات، رێکارە یاساییەکانی دژی خۆی بە “هەڵمەتی ناوزڕاندن” و “چەوساندنەوەی سیاسی” ناودەباتبەڵام ڕەنگە ئەمجارە نەتوانێت هەموو شتێک بە مێشکی خۆی بڵێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا، ترەمپ لە ڕاگەیاندنێکی چالاکانەدا گوتی کە پێشبینی دەکات دەستگیر بکرێت کە گوایە پەیوەندی بە تاوانێکەوە هەبووە لەم ساڵانەی دواییدا سەبارەت بێدەنگکردنی ئەکتەرێکی پۆرنۆگرافی و داوای لە لایەنگرانی کرد ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە.