پنتاگۆن فڕۆکەهەڵگرەکان لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو کەناراوەکانی نزیک لە سوریا دەجوڵێنێت
دیمەشق- نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی “جۆرج بوشی باوک”یان لە دەریای ناوەڕاستدا دەگوازرێنەوە بۆ ئەوەی لە کەناراوەکانی سوریا نزیکتر بن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێران.
جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی پنتاگۆن، سابرینا سینگ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شوێنی “فڕۆکەهەڵگری بوش” گۆڕدراوە، چونکە “وەک دەبینن هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە سوپای پاسداران زیادیکردووە کە ئەندامانمان دەکەنە ئامانج لە سەرانسەری سوریا”.
هەفتەی رابردوو ئەمریکا بڕیاریدا بە فراوانکردنی بڵاوکردنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و کەشتییەکانی هاوەڵیان لە دەریای ناوەڕاست، ئەمەش بەو مانایەیە کە فڕۆکەی “جۆرج ئێچ دەبلیوبوش” و کەشتییەکانی هاوەڵی و هێزەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان زیاترە لە 5000 سەرباز، کە ئێستا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە باڵاکانی ئەوروپا ئامادەن، لە وادەی خۆیاندا ناگەڕێنەوە بۆ ناوچە بنەڕەتییەکانیان لە ئەمریکا.
سابرینا سینگ روونی کردەوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی و وەڵامێکیش بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کارمەندان و ئەندامانمان لە ناوچەکە، ئێمە کەشتیە فڕۆکەهەڵگرەکەمان کەمێک لە سوریا نزیکتر کردەوە.
ڕۆژی 23ی ئازاری رابردوو، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و لانیکەم 10 سەربازی دیکەش برینداربوون.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا بنکەکانی ئەمریکا کەوتوونەتە بەر هێرشی نوێ دوای ئەوەی نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر روویدا یان نا، سینگ سابرینا وتی، “هێشتا هیچ شتێکی نوێ نییە، لە کۆتایی هەفتەدا هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا نەبووە، هەروەها هێرشێکی دیکەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گروپانە نەکراوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێزەکانی پاڵپشتی دەکرێن”.