سلێمانی – نۆرس پرێس
دوێنێ شەوی دووشەممە، کۆمپانیای “تورکیش ئێرلاین”ی تورکی سەرجەم گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرت، تا ئێستا دیار نییە کە ئەو گەشتانە کەی دەستپێدەکرێنەوە.
ئەمە دووهەم جارە تورکیا هەڵوێستی هاوشێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بنوێنێت، دوای ئەنجامدانی گشتپرسیەکەی هەرێمی کوردستانیش، لایەنی تورکی سەرجەم گەشتەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان راگرت، بەڵام ئەمجارە راگرتنی گەشتەکانی تەنها بۆ شاری سلێمانییە و فڕۆکەخانەی هەولێری نەگرتووەتەوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی راگەیاندبوو، کە ئێوارەی دوێنێ لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراونەتەوە لەوەی، گەشتەکانیان لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرتووە، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک لەمبارەوە بخەنەڕوو.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی، ئەوان داوای روونکردنەوەیان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە، ناشزانرێت چی لە پشت راگرتنی گەشتەکانەوەیە.
هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، گوتی: “ئێمە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیمان لەمبارەوە ئاگادار کردووەتەوە.”
کۆمپانیای تورکیش ئیرلاین، رۆژانە دوو گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەبوو، کە یەکێکیان کاتژمێر 10ـی شەو و ئەوەی دیکەشیان3:45 ئەنجام دەدرا.
هەرچەندە لەملا و ئەولا باس لە هۆکاری سیاسی دەکرێت کە لە پشتت ئەم راگرتنی گەشتانەوە بێت لە لایەن تورکیاوە، لەوانە کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتەرەکانی “هەسەدە” لە هەرێمی کوردستان لە گەشتێکیاندا بەرەو شاری سلێمانی، یان نزیکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایەنەکانی رۆژئاوا و هەسەدەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نە لە لایەن تورکیاوە و نە هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستانەوە لەمبارەوە نەدراوە.