دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی تورکیا دەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەی چوار قۆڵی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا دێت کە بڕیارە سبەی سێشەممە لە مۆسکۆ بەڕێوە بچێت.
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانەکەی لاڤرۆڤ بە گرنگ وەسف دەکات لە دوای کارەساتی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات.
ئۆغڵو پێی وابوو، پڕۆسەی سیاسی و بارودۆخی پەنابەران و زیادبوونی یارمەتییە مرۆییەکان لەو پرسە گرنگانەن کە لە میانەی ئەو دیدارەدا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکە باسی لێوە دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، وەک دەزانرێت قۆناغی ئاسایی کردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ سوریا دەستیپێکرد، ڕوسیاش میوانداری دەکات و ئێرانیش بەشدارە لەو دانوستانانەدا.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە هەر دانوستانێک لەگەڵ تورکیا یان دیدارێک لەگەڵ ئەردۆغان دەبێت پێش کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدرێت.
ڕوسیا هەوڵدەدات بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریا و تورکیا، هەوڵەکان بۆ ئەوەیە کە کۆبوونەوەیەکی چوارلایەنە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام بدرێت کە ئەمە وەک ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە.