رووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە دۆخی مرۆیی سوریا دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سێرگی ڤیرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارتن گریفیس یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی گفتوگۆیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا کرد.

دانوستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووسیا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی چوارقوڵی نێوان ڕووسیا و سوریا و ئێران و تورکیا دێت کە سبەی سێشەممە لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت.

کەناڵی ڕوسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە، کە هەردوولا بە پلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە مرۆییە خێراکان دەبێت، لەپێناو تێپەڕاندنی کاریگەریەکانی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە سەرەتای مانگی شوباتدا روویداوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڤیرشینین جەختی لە گرنگی دەستڕاگەیشتن بە هەموو خەڵکی کەمدەرامەت لە ناوچەکانی سوریادا کردووەتەوە بەبێ جیاوازی، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق پشتبەستن بە بڕیارنامەی 2672ی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: فازیڵ محەمەد