ئەردۆغان بۆ باڵوێزی ئەمریکا: سنووری خۆت بزانە!

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی یەکشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی مشتومڕاویدا رایگەیاند، ئەو دەرگاکانی بەڕووی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە داخستووە.

گوتارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بە تۆنێکی توند ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە دواین دیداری “جێف فلەیک” باڵیۆزی ئەمەریکا و “کەمال کلیچدارئۆغڵو”ی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری لە پارتی گەلی کۆماری.

لە گوتارێکدا کە زۆرێک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردۆتەوە، ئەردۆغان وتی: “نێردەی بایدن چی دەکات؟ دەچێت چاوی بە کەمال دەکەوێت. شەرمەزاریە بۆت، مێشکت بەکاربهێنە”.

لە گوتارەکەیدا کە سروشتی هێرشکردنە سەر باڵیۆزی ئەمریکای بەسەردا زاڵ بوو، زیادی کرد: “تۆ باڵیۆزیت، قسەکەرەکەت لێرە سەرۆکە، چۆن داوای کۆبوونەوەی سەرۆک دەکەیت دوای ئەوە؟” (مەبەست لە پاش دیدارەکەی کلیچدارئۆغڵویە).

سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە کاتی نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یاسادانان رووبەڕووی قۆناغێکی چارەنووسساز دەبێتەوە، لە کۆتاییدا گوتی:” دەرگاکانمان بەڕوویدا داخراوە بۆچی؟ بۆ ئەوەی سنوورەکانی بزانێت.”

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە 14ی ئایار، هەمان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت رکابەرییەکی چڕ لەم هەڵبژاردنانەدا دەربکەوێت کە دیمەنی سیاسی تورکیا بگۆڕێت.

هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، ئەردۆغان بە 52.6%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر