سودانی: پێویستە سوریا بگەڕێتەوە نێو کۆمکاری عەرەبی
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 2ی نیسانی 2023، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر گەرانەوەی دیمەشق بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی کرد.
ئەم لێدوانەی سودانی دوای تێپەڕبوونی رۆژێک لە راگەیاندنی نیازی ریاز دێت لە ناردنی بانگهێشتنامە بۆ دیمەشق تاوەکو بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەب.
ریاز بەنیازە بەشار ئەسەد بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەب بکات کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوودا فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سوریا بکات و بە فەرمی نامەی بانگهێشتکردنەکە رادەستی ئەسەد بکات.
سودانی، لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) بڵاویکردۆتەوە دەڵێت: : “دەبێت سوریا بگەڕێتەوە ناو کۆمکاری عەرەبی، بەو پێیەی زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەروەها دەبێت زمانی دیالۆگ بەکاربهێنرێت”.
سودانی ئاماژەی بە کاریگەریی دۆخی ئەمنی سوریا لەسەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: “جددیترین تەحەدای ئەمنی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، دۆخی ئەمنی سوریایە”.
گەڕاندنەوەی سوریا وەکو 22مین ئەندامی کۆمکارەکە جووڵەیەکی سیمبۆلییە و گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی دیار لە هاوکێشە ناوچەییەکان دەکات.
سوریا و عێراق بە سنوورێکی وشکانی نزیکەی 600 کم لەیەکتر جیاکراونەتەوە، لە ناوچەی روکبان لە سنووری ئوردن لە باشوورەوە تاوەکو ناوچەی فیشخابور لە نزیک سنووری تورکیا لە باکوور، ئاماژە بەوە دەکەن کە نیوەی باکووری سنوورەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.
سودانی لە گفتوگۆیەکی پێشووی سەبارەت بە هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق دووپاتیکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویست بە هێزی شەڕکەر و ئامادەبوونی بیانی ناکات، بەڵکو تەنها پێویستمان بە پەیوەندییە ئەمنییەکان و هاوکارییەکانە لەسەر ئاستی مەشق و ئاڵوگۆڕی زانیاری.
لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە لیژنەی هاوبەش لەگەڵ تورکیا و ئێران کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە “پەیوەندی و چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ڕێکبخات”، هەروەها “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتن کراوە سەبارەت بە بوونی هێزی فیدراڵی بەدرێژایی سنوورەکانی تورکیا و ئێران”.