ریاز بەنیازە لە مانگی ئایاری داهاتوودا ئەسەد بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە سعودیە بەنیازە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا لەلایەن ڕیازەوە میوانداری دەکرێت.
دوو سەرچاوە ڕایانگەیاندووە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە سەرەدانی دیمەشق دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی ئەسەد بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لەو لوتکەیەی کە بڕیارە لە 9ی ئایاردا ئەنجام بدرێت.
هاوکات، جەمال ڕوشدی، گوتەبێژی ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاند، ئاگاداری هەموو هەنگاوێک نیین کە لەسەر ئاستی دوو قۆڵی نێوان وڵاتانی عەرەبی بەرێوەدەچن.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە مانگی رابردوودا هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، هاوکات ڕیاز ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوریا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کونسوڵگەرییەکانیان.
سەرچاوەکان ئاشکراشی دەکەن، کە زیاتر لە ساڵێکە گفتوگۆکان بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان بەردەوامن، دوای ئەوەی سوریا داواکارییەکانی سعودی جێبەجێکردووە، لەو داواکاریانەش هاوکاری ئاسایشی سنوورەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گفتوگۆ سەرەتاییەکان سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ دیمەشق یان سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ ڕیاز دواخراون. بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا رووبەرووی تورکیا و سوریا هاتووە.
دوێنێ شەممە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ سامح شوکری هاوتا میسرییەکەی لە قاهیرە کۆبوونەتەوە، کە ئەمە بەیەکەم سەرەدان لە دوای دەستپ.
لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، ئەحمەد ئەبو زەید گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، باسی لە ئەگەری سەردانەکەی ئەسەد بۆ میسر دەکات، ئەمە لە پاش سەردانی سامح شوکری بۆ دیمەشق لە دوای بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتدا هاتووە.