قاهیرە پێشوازی لە وەزیرەکەی ئەسەد کرد، بریاری 2254یان بەبنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا دانا
دیمهشق – نۆرس پرێس
میسر پشتیوانی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی شەڕ لە سوریا راگەیاند، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ نێردەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو وڵاتە لە سەر بنەمای بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی 2254 دەبڕی.
لەمیانەی گفتوگۆکانی نێوان سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر، رۆژی شەممە، 1ی نیسانی 2023 لەگەڵ هاوتا سورییەکەی فەیسەڵ میقداد هات و رێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ئاستە جیاجیاکاندا.
ئەحمەد ئەبوزەید، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، گفتوگۆکانی هەردوو وەزیرەکە باس لە لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کراوە و بەرەوپێشبردنیان بۆ بەرژەوەندی گەل، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسییەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هاوبەش کە بوونەتە جێگەی نیگەرانی.
شوکری دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی “پشتیوانی لە یەکلاکردنەوەی هەمەلایەنەی قەیرانی سوریا دەکات”، هاوکات هاوتا سورییەکەی، میقداد، خواستی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو دەربڕی و “هاودەنگی زیاتری عەرەبی لەگەڵ سوریادا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر قەیرانەکانیدا زاڵ بێت و ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت”. لە پشتیوانیکردن لە کێشە و پرسەکانی نەتەوەی عەرەب”
بەگوێرەی گوتەی وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە دانوستانەکاندا باس لە ڕێگاکانی هاوکاریکردنی گەلی سوریا کرا بۆ گەڕاندنەوەی یەکێتی و سەروەری خۆیان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کەڵەکەبووەکان، لەوانە؛ هەوڵدان بۆ چاکبوونەوە لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شوبات، ئەمە جگە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سیاسەتێکی گشتگیر بۆ یەکلاییکردنەوەی قەیرانەکانی سوریا.
دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر دوای 10 ساڵ سەردانی سوریا و توركیای کرد، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی پاڵپشتی میسر بۆ هەریەک لە وڵاتانی سوریا و تورکیا، دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزەكە لە 6ی شوبات، كە بەهۆیەوە نزیكەی 46 هەزار كەس لەو دوو وڵاتەدا گیانیان لەدەستدا.
شوکری سەردانی پارێزگای دیمەشقی کرد و لەوێ چاوی بە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا کەوت و هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی وڵاتەکە و تێپەڕاندنی کارەساتەکە دووپاتکردەوە.