باڵیۆزخانەی ئەمریکا: رووداوە توندوتیژەکەی جندرێس هەڕەشەیە بۆ سەقامگیریی سوریا
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەوی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سوریا لەبارەی رووداوەکەی جندرێس کە تێیدا چوار هاونیشتیمانیی کورد کۆمەڵکوژ کران رایگەیاند، رووداوە توندوتیژەکەی جندرێس دەبێتە هەڕەشە بۆ سەقامگیریی سوریا.
نیوەشەوی دوێنێ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سوریا لە تویتێکدا رایگەیاند، “تووندوتیژییەکان، وەک ئەوەی لە جندرێس لە 20ی ئاداردا بینیمان، هەڕەشە لە سەقامگیریی سوریا دەکات.”
لە تویتەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سوریا ئەوەش هاتووە، “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، ئەو تووندوتیژییانە راگرن کە زیان بە خەڵکی سڤیل دەگەیێنن، هاوکات داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی رووداوەکە دەکەین”.
لە 20ی ئاداری 2023 و لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا، چوار هاوڵاتی کورد لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین لەلایەن گرووپی چەکداریی سەر بە تورکیاوە کۆمەڵکوژ کران و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار کرد.
کاتێک ئەندامانی گروپی “ئەحرارئەلشەرقییە” تەقەیان لەو هاوڵاتیانە کرد کە ئێوارەی 20ی ئادار ئاگری نەورۆزیان کردوەتەوە و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی کورد شەهید بوون و دووانی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
شاری عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری 2018ەوە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیادایە و بە بەردەوامی پێشێلکاری بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد و خاکەکەیان لەو عەفرین و دەوروبەری ئەنجام دەدەن.