ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە گوندەوارەکانی قامیشلۆ بەرێوە دەچێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممە، لە گوندی کەرشیران لە گوندەوارەکانی قامیشلۆی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە سەدان ئاشوری ئاهەنگی سەری ساڵی نوێی ئاشووری-بابلی (ئەکیتۆ)یان ئەنجامدا.
یەکی نیسانی هەموو ساڵێک کە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی نوێی بابلی ئەکیتو، ئاشوری و سریانی و کلدانییەکان لە جیهاندا ئاهەنگ دەگێڕن.
حەبیب ئاردیش، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێک ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە گوندی کەرشیرانی گوندەوارەکانی قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت، و ئاهەنگەکەش بە بەشداری ئاشوری و کلدانی و سریانیەکان، ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ کەسایەتیەکانی دەرەوەی سوریاش هاتوونەتە نێو ئاهەنگەکە، هەروەها دامەزراوەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەش بەشداربوونە، ئاهەنگی هاوشێوەش لە شارەکانی قامیشلۆ و دێرک و تەلتەمریش بەڕێوەدەچێت.
ئەردیش، ڕوونیشی کردەوە کە لە 21ی ئادارەوە تا 1ی نیسان ئاهەنگەکان دەستپێ دەکەن، گرووپی فلکلۆری و جەماوەری و ئاینی بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا هەیە.
سەباح شابو ئەندامی یەکێتی ژنانی سریانی، پیرۆزبایی لە هەموو گەلانی سریانی، ئاشووری، کلدانی دەکات بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی بابلی، ئاشووری، سریانی.
جێی باسە جەژنی ئەکیتۆ هێمای نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە، و پەیامی خۆشەویستی و چاکەیە بۆ هەموو گەلانی جیهان و ئەو گەلانەیشی کە بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا هەیە.