وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا، گەیشتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوتا میسریەکەی، سامح شوکری، کە ئەمە بە یەکەم سەرەدان دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە.

دەزگا میدیایەکانی میسری ڕایانگەیاند، کە میقداد بە فڕۆکەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە هاتووە و گەیشتووەتە قاهیرە و لە هۆڵی ڤی ئای پی پێشوازی لێکراوە.

دوێنێ هەینی، دەزگا میدیاییەکان  ڕایانگەیاند، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادەکاری بۆ سەردانی میسر دەکات، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سامح شوکری هاوتا میسرییەکەی، لە قاهیرە.

دوێنێ هەینی، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە، کە ئامادەکاری بۆ سەردانێکی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بۆ میسر دەکرێت، لەو سەرەدانەیدا دیدار و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسری عەبدولفەتاح سیسی دەبێت.

مانگی ڕابردوو سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی دیمەشقی کرد و لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کەوت.

دوای دیدارەکەی سامح شوکری لەگەڵ بەشار ئەسەد، دانیشتنێکی وتووێژیشی لەگەڵ هاوتا سورییەکەی لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەنجامدابوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: محەمەد قازی