گرتەیەکی ڤیدیۆیی مشتومڕ دروست دەکات کە تێیدا ئێزیدییەکان لە عەفرین موسوڵمان دەبن
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە تێیدا شێخێکی نەناسراو لە ناوەڕاستی دوو کەسی ئاینی ئێزیدی لە عەفرین لە گوندەوارەکانی باکوری حەلەب دەردەکەوێت کە موسوڵمانبوونیان رادەگەیەنێت، ئەم گرتە ڤیدیۆیە مشتومڕی لە سۆشیال میدیادا دروستکرد.
عەلی عیسو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ئێزدینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، رەشبگێری بەرامبەر ئەو دوو کەسەی دانیشتووی گوندی قیبار کراوە، بژاردەی زیندانیکردن یان موسوڵمانبوونیان پێدراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گرتە ڤیدیۆیەکە لەناو یەکێک لە بارەگاکانی سوپای نیشتمانی لایەنگری تورکیا لە عەفرین تۆمارکراوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکە، ئەو دوو کەسە بەناوەکانی شێخ عارف و حەیدەر عارفن، ئەو شێخەی لەگەڵیان دەرکەوتووە و شەهادەکەی لەسەریان گوتووە، بە وتەی یەکێک لە چالاکوانەکان ناوی زیوکە بەڵام وردەکاری زیاتر لەسەر ناسنامەکەی نەخراوەتەڕوو.
نۆرس پرێس نەیتوانی ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئەو دوو کەسە بە ناچاری موسوڵمان بوون، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکانی میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لە پێشێلکاریی سیستماتیک بەرامبەر بە دانیشتوانی ئێزیدی لە عەفرین دەکەن.
تورکیا بەهاوکاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنە نزیکەکانی خۆی، لە بەهاری 2018دا ناوچەی عەفرینی کۆنترۆڵکرد بەو هۆیەوە بە هەزاران کوردی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە ئاوارەکرد.
لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سوریاکان بۆ حەقیقەت و دادپەروەری ئاماژە بەوەکراوە کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2020دا ئەنجومەنی ناوخۆیی لە عەفرین دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی نوێ لەسەر وێرانەکانی بینای یەکێتی ئێزیدی ڕاگەیاند.
بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوە، چەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سەر بە تورکیا، ڕاستەوخۆ دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکەیان بارەگاکانی یەکێتی ئێزیدییان تەقاندەوە، ئەمە جگە لەوەی پەیکەری زەردەشت و قوبەی لالشیان لەو سەردەمەدا لەناوبردووە و هەوڵیانداوە کە شوێنەوارە ئاینیە ئێزیدییەکان بسڕنەوە.
هەروەها زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ باسیان لەو پێشێلکاریانە کرد کە رووبەڕووی ئێزیدییەکان هاتوون، لەوانە وێرانکردنی مەزارگەکانیان و ئاوارەبوونیان و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک ئێزیدی دەهێنرێنە مزگەوتەکان بۆ ئەوەی ناچار بکرێن کە موسوڵمان ببن، هەندێکی تریش لە ئێزدییەکان وەسوەسەی موسوڵمانبوونیان بۆ دروست دەبێت.
عەلی عیسو ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گرتە ڤیدیۆییە دۆکیۆمێنتارییە لەسەر هەموو ئەو شایەتحاڵانەی کە بەشێک لە ئێزیدییەکان لە ماوەکانی رابردوودا پێشکەش بە لیژنەی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییان کردووە، کە تێیدا چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە کە بژاردەی دەستگیرکردن یان موسوڵمانبوونیان پێدراوە، و هەندێکیشیان بەهۆی ڕەتکردنەوەی موسوڵمان بوون بە توندی ئەشکەنجە دراون.
لەکاتێکدا پەیجەکانی تری سۆشیال میدیا ڕایانگەیاندووە، هەمووان راستییەکان دەزانن، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکە بەڵگەیە بۆ سەلماندنی بەشداریی دڵسۆزانی تورکیا لە گۆڕینی سیماکانی شارەکە لە هەموو ڕوویەکەوە.