سزای 20 ساڵ زیندانی بۆ داعشێکی ئەمریکی کە لە سوریا پەیوەندی پێوە کردوون سەپێندرا
دیمهشق – نۆرس پرێس
داعشێکی ئەمریکی سزای 40 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، 20 ساڵی سزاکەی لە زیندان بەسەردەبات، بەڵام 20 ساڵەکەی دیکە وەک مەرج سەپێندراوە ئەگەری هەیە ئازاد بکرێت، دوای ئەوەی بە تۆمەتی چوونە پاڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سوریا و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ رێکخراوەکە سزا درا.
لە 20 ئازاری 2015، عەمران عەلی کە نازناوی “ئەبوجیهادی ترینیدادی ئەمریکی”ی لێنراوە، خێزانەکەی بردۆتە تورکیا و پاشان بە مەبەستی چوونە پاڵ رێکخراوی داعش چووەتە وڵاتی سوریا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتی ئەمریکا بۆ ناوچەی باشووری فلۆریدا، عەلی پێش پەیوەندی بە داعشەوە بکات، سیستەمێکی دارایی دامەزراندووە کە توانیویەتی پارە لە سوریاوە وەربگرێت بەمەش توانی 15 هەزار دۆلاری بە کاشی کۆبکاتەوە.
عەلی بە چەندین تۆمەت سزا دراوە، لەوانە گەشت و پەیوەندی بە ڕێکخراوی “داعش” و بە شێوەیەکی بەرچاویش پارەدارکردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەی کردووە.
لە ساتی گەیشتنی بۆ تورکیا، عەلی و خێزانه کەی له شاری ئەستەنبوڵ ماونەتەوە و دواتر چوونەتە غازی عەنتاب، له م شاره سنوورییەوە لە سووریا پەیوەندی به دوو ئەندامی ناو رێکخراوەکەوە کردووە بۆ ڕێکخستنی گەشت له سنووری تورکیا و سووریا تاوەکو پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کاتێک گەیشتوونەتە ئەو خاکەی کە لەلایەن گروپەکەوە کۆنترۆڵکراوە، عەلی و خێزانەکەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی مەنبەج ماونەتەوە، دواتر چوونەتە شاری رەقە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسە بیانییەکانی ناو گروپە چەکدارەکە مەشقی ئایینی و سەربازی وەربگرن.
لە راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیدا هاتووە کە عەلی لە کەتیبەی “ئەنوەر ئەلعەولەکی” لە رەقە دامەزراوە و ناسنامەیەکی سەر بە ڕێکخراوەکە بە ناونیشانی “ئەبو جیهاد لە ترینیدادی ئەمریکی” وەرگرتووە.
بەو هۆیەوە، کوڕەکەی، جیهاد محەمەد عەلی، کە لەو کاتەدا تەمەنی 15 ساڵ بوو، لە ڕەقە دەستی کرد بە بەشداریکردن لە مەشقی ئایینی و سەربازی ڕێکخراوەکە.
بە نزیکەی لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017، عەلی بەردەوام بوو لە پاڵپشتی دارایی بۆ “داعش” و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی ئابوورییەکەی لەو ماوەیەی لە رەقە بوو.
هەروەها هاوکاری رێکخراوەکەی کرد لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی چەک بۆ ئەندامەکانی تاوەکو لە شەڕەکەدا بەکاریبهێنن، هەروەها وەک “نێوەندکار” کاری کردووە و پارەی خۆی بە ئەندامانی داعش بەخشیووە.
عەلی لە نێوان کۆتاییەکانی ساڵی 2018 و سەرەتای ساڵی 2019 خێزانەکەی گواستەوە بۆ ئەلباغۆز کە دوا قەڵای “داعش” بوو، پێش داڕمانی رێکخراوەکە لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانان، دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ ئەمریکا.