دوای ئەوەی لە سوریا هێرشی کرایە سەر.. واشنتۆن ماوه‌ی ئەرکی کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکە لە دەریای ناوەڕاست درێژ دەکاتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمریکا بڕیاریدا ماوه‌ی جێگیرکردنی کەشتییە فڕۆکە هەڵگره‌كه‌ی و کەشتییە یاوەریەکانی لە دەریای ناوەڕاست درێژ بکاتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی بژاردەکانی ڕووبەڕووبوونەوە، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە هێرشەکانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئه‌مریكا لە سوریا.

درێژکردنەوەکە واتا گروپی هەڵگر “جۆرج ئێچ دبلیو بوش” و کەشتییە یاوەریەکانی و زیاتر لە 5000 هێزی ئەمریکی، تا ئێستا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ئەوروپادان، و لە بەرواری دیاریکراو ناگەڕێنەوە بۆ بەندەری وڵاتەکەی خۆیان لە ئەمریکا.

ئەم ڕاگەیاندنە لەلایەن وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، كۆلۆنێل جۆ پۆچینۆ، هات بەگوێرەی ئەوەی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە.

جۆ پۆچینۆ ڕایگه‌یاند، درێژکردنەوه‌ی ماوه‌كه‌ ڕێگە بە بژارده‌یه‌ بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا بۆ وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک حاڵەتی لەناکاو.

بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا. لە هەفتەیەک لەمەوبەر، بنکەیەکی هاوپەیمانان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران كرایه‌ ئامانج، بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و پێنج سەرباز و بەڵێندەرێکی دیکەی ئەمریکی برینداربوون.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، سوپای ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی سوپای قودسی ئێران لە سوریا، و ٨ چەکداری له‌ ڕیزه‌كانیان كوشت.

ئەم بڕیارە ڕۆژێك دوای ڕاگه‌یاندنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هات، ڕایگه‌یاندبوو ژماره‌ی برینداره‌كانی ئه‌و هێرشه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ ١٢ کەس، ئەمەش دوای ئەوەی کە شەش سەرباز توشی برینی مێشك بوون.

سەرەڕای ئەو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕەخنانەی زۆر ده‌بێته‌وه‌، لەلایەن کۆمارییەکان، بەهۆی “وەڵامە لاوازه‌كانیه‌وه‌”، به‌ڵام بایدن هەفتەی ڕابردوو هۆشدارییدا بە ئێران کە ئەمریکا “وه‌ڵامی توندی ده‌بێت” بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان.

دووشەممەی ڕابردوو، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوانە نابێتە هۆی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا كه‌ هه‌شت ساڵه‌ له‌وێوه‌ له‌گه‌ل هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، شه‌ڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر