فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ : بەرپەرچی  دوو هێرشی خۆکوژی داعشمان داوەتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند، بەرپەرچی  دوو هێرشی خۆکوژی داعشیان داوەتەوە.

لەبەیاننامەیەکدا، فەرماندەیی گشتی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ دوو خۆکوژی داعش کە جلوبەرگی سەربازی هێزەکانی هەسەدەیان پوشیبوو، هەوڵیاندا دزە بکەنە ناو بارەگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی نەشوەی شاری حەسەکە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانیان بەرپەرچی ئەو هەوڵە بدەنەوە کە دەیانویست دزە بکەنە، دوای پێکدادانێکی دە خولەکی، توانیان هێرشی داعش پووچەڵبکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو خۆکوژی داعش، هەروەها دەست بەسەر دوو چەکی کڵاشینکۆف و 20 مەخزەنی فیشەکی کڵاشینکۆف و هەشت نارنجۆکی دەستی و دوو پشتێنی تەقینەوەدا بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان کردووە بۆ ئاشکراکردنی چونیەتی هێرشەکە، داواش لە سەرجەم دانیشتوانی ناوچەکە دەکات ئاگاداری ئەو جۆرە هێرشانە بن، داوا دەکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر هەوڵێکی گوماناوی ئاگاداربکرێنەوە.

ئامادەکردن و دارشتنەوە: سەعەد یازچی