حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 36 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لافاو لە هەرێمی کوردستاندا تەرخانکردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

ساڵانە لەگەڵ باران بارینی بەخۆڕ لافاو لە چەندین گەڕەک و شارێکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت کە بەو هۆیەوە زیانێکی یەکجار زۆر مادی دەگەیەنێت و تەنانەت چەندین کەسیش بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.

 کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پێگەى فەرمیی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران، تیمێكی تەكنیكی پێك هێنا بۆ لێكۆڵینەوەی گرفتی لافاوی هەولێر. دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، كۆمەڵێك ڕێچارە پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هەولێر. ئەوانیش دوو بەش بوون، بەشێكیان كرداری خێرا بوو بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی لافاو بەشێوەیەكی كاتی، بەشی دووەمیش پلانی درێژخانە بۆ گلدانەوەی ئاوەكە.

گوتیشی، پلانە كورتخایەنەكە بریتی بوو لە خاوێنكردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاو كە بە ناو شاری هەولێردا تێپەڕ دەبن و هەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ دەستكردەكانە كە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی باراناو دەبەن، جگە لەوەش ژمارەیەك لەو پردانەی دروست كرابوون لەسەر ڕێرەوە سروشتییەكان فراوان كران، بۆ ئەوەی زیاتر ئاو لەخۆ بگرن. پلانە درێژخایەنەكە ئەوە بوو، ئەو ئاوی بارانەی دەبارێ، كۆی بكەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی ژمارەیەك پۆند كراوە لە بەشەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەو ستریم و ڕێڕەوە ئاوییانەی هەیە،كۆمەڵێك پۆند دروست بكرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە؛ هەندێكیان نەخشەکارییان تەواو بووە و هەندێكیشیان لەژێر پڕۆسەی نەخشەکاریین و لە دوای هاوینەوە، بە كردەیی دەستیان پێ دەكرێت.

ناوبراو راشیدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیران 36 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوی شاری هەولێر تەرخان کرد. لەو 36 ملیۆنە نزیكەی 22% تەرخان کرا کە نزیكەی 8 ملیار دینار بوو، خۆشبەختانە وەكو قۆناغی یەكەم، بەو بڕە پارەیە هەولێر پارێزرا لەو لافاوانەی ڕووی دەدا، ئەگەر تەواوی بڕی پارەكە تەرخان بكەین، نەك تەنیا هەولێر دەپارێزین، بەڵكوو كۆمەڵێك پۆندی گەورە دروست دەكەین و ئاوی باران كۆ دەكاتەوە و سوودی گەشتیاری و سوودی ژینگەییان دەبێت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، بەتایبەتی لە بەشی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵات.

لەبارەى ئاوی ژێرزەوییەوە ناوبراو گوتی، ئەگەرچی بارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیی باشتر بوو، لە ناوچەکانیش جیاجیا بوو، بەڵام جۆرى دابارینەکە دابەش و بە قۆناغ بوو؛ ئەوە هاوکاریی بووژانەوەى سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی کرد. سەبارەت بە ئاوی ژێرزەوی ئاستەکەى نزمە، بەراورد بە ساڵی ڕابردووش تەنانەت لەم مانگە، بە گوێرەى ئەو خوێندنەوانەى ئێمە وەرمانگرتوون، لە هەندێک شوێن مەتر-دوومەتر کەمترین لە ساڵی ڕابردوو. لەلایەکی دیکەوە ئێمە دەمانەوێت بووژانەوەى ئاوی ژێرزەوی بە شێوەى دەستکرد دروست بکەین. لەم ڕووەوە لەسەر دوو ئاست کار بۆ بووژانەوە و پاراستنی دەکەین. یەکەم، ڕێنماییەکانی بیرلێدان توندوتۆڵ کراوە و ڕۆژانە ئامێرەکانی بیرلێدانی نایاسایی دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنیا لە کۆگەکانی هەولێر، نزیکەى 300 ئامێرى نایاسایی لێدانی بیر دەستی بە سەردا گیراوە.

لە ئاستی دووەم، دوو کار دەکەین، یەکەمیان خستنەناوەوەى ئاوە بۆ ژێرزەوی، لە ڕێگەى دروستکردنی کۆمەڵێک بیرى قووڵ و تەنک، لەو ڕێگەیەوە ئاوى لافاو و سەرزەوی دەخرێنەوە ژێر زەوی. هەڵبەت ئەمەش بە کۆمەڵێک کارى زانستی، چونکە دەبێت ئاوەکە پاک بێت. پڕۆسەى دووەم بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی بەڕازیل، خەریکی دروستکردنی کۆمەڵێک بەربەست یان گۆمین کە لە ڕێگەیەوە کانیاوەکان ببووژێنینەوە، ئەوەش لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەى جیۆلۆجییەوە، بۆ کۆکردنەوەى ڕێڕەوی ئاوی و گواستنەوەى ئەو شوێنانەى کە دەکرێت کانییەکانی لێوە ببووژێنینەوە.