هەواڵگری عێراق: پێنج “تیرۆریست”مان لە دوو پارێزگای عێراق دەستگیرکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵێنەوەی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، پێنج “تیرۆرسیت”یان لە پارێزگاکانی بەغداد و سەڵاحەدین دەستگیرکردووە.

دەزگای هەواڵگری لە راگەێنراوێکدا لە روپەڕی فەرمی خۆیان لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، “مەفرەزەکانی هەواڵگری توانیان لە هەردوو پارێزگای بەغداد و سەڵاحەدین پێنج تیرۆریستی داواکراو بە ماددەی (4)ـی تیرۆر دەستگیربکەن.”

ئەوەش هاتووە، “تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان بەرپرس بوون لە ناردنی یارمەتی لۆجیستی و گەیاندنی زانیاری لەسەر جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان بە ئەندامانی دیکەیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و بەغداد.”

لە هەمان راگەێنراودا ئاماژە بەوەکراوە، کە دەستگیرکردنەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر و پێکهێنانی تیمێکی کاری تایبەتمەند بووە لە دەزگای هەواڵگری هەردوو پارێزگاکە.

لە راگەێنراوەکەی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵێنەوەی فیدراڵی عێراقدا، هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدراوە کە دەسگیرکراوەکان سەر بە چی لایەنێک بوون و ناوی “داعش” نەهێنراوە و تەنها بە “تیرۆریست” ناسێنراون.