دەستەواژەی دژ بە “تەحریرشام” لە دیوارەکانی عەفرین دەنوسرێت

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دەستەواژەکانی دژایەتی هاتنی دەستەی تەحریرشام (جەبهەی نوسرەی پێشوو) بۆ ناوچەی عەفرین، رۆژئاوای کوردستان، لەسەر دیواری گەڕەکەکانی شارەکە دەرکەوتن.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کەسانی نەناسراو دەستەواژەی دژ بە هاتنی دەستەکە بۆ ناوچەکە نووسیوە، دوای ئەوەی هەواڵ بڵاوبووەتەوە کە بەنیازن بێن بۆ عەفرین، پاش ئەوەی ئەندامانی گروپە “جەیش ئەلشەرقییە” کە لایەنگری تورکیان، پێنج هاوڵاتی سڤیلی کوردیان بەهۆی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە بەردەم ماڵەکانیان لە جندرێس، شەهید کرد.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕێک هەیە گوایە ئەوانەی ئەو دەستەواژانەیان نووسیوە ئەندامی گروپە “جەیش ئیسلام”ن لەناو فەیلەقی سێ، بەهۆی ناکۆکی گەورەیان لەگەڵ دەستەی “تەحریرشام” و بەردەوامی شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، فەیلەقی سێ، “تەحریرشام” بە دروستکردنی ناکۆکی لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکات، ئەوەش لە ئاماژەیەکیاندا لە نووسینێکی سەر دیوارەکانی گەڕەکەکانی شارەکەدا هاتووە.

سەرچاوەکە رایگەیاند، کەسێکی ناسراو بە “ئەبو وەلید زەمالکا” لە پشت نووسینی ئەم دەستەواژانەوەیە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، ناوبراو، دیارترین سەرکردەی گروپی “جەیش ئیسلام”ی سەر بە تورکیایە، خەڵکی گوندەواری دیمەشقە و دەست بەسەر کەتیبەی “سەیفولئیسلام”دا دەگرێت لە عەفرین.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ