ترامپ بە بەرتیلدان بە ئەستێرەیەکی فیلمە پۆڕنەکان تۆمەتبار دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە لەلایەن دادگایەكی نیویۆركەوە بەوە تاوانبار کرا کە لە ساڵی 2016دا بەرتیلی بە ئەستێرەیەكی فیلمە پۆڕنەكان داوە لەبەرامبەر پاراستنی نهێنیەكەی نێوانیان و ئاشكرانەكردنی بۆ رای گشتی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بە تۆمەتی پارەدان بە “ستۆرمی دانیێڵز” ئەستێرەی فیلمە پۆڕنەكان، پێش دەستبەكاربونی لە كۆشكی سپی، تۆمەتبار كرا، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیركردنی ترەمپ لە نیویۆرك و وەك هەر تاوانبارێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدەدرێت و رووبەڕوی تۆمەتی تاوانكاری دەبێتەوە، پەنجەمۆر دەكرێت و وێنەی دەگیرێت.

“ستۆرمی دانیێڵز” بانگەشەی ئەوەی كردوە كە لە ساڵی 2006دا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا هەبووە و پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریکا، ساڵی 2016دا، بڕی 130 هەزار دۆلاری وەرگرتووە بۆئەوەی بێدەنگ بێت بەرامبەر ئەو پەیوەندیە نهێنیەی كە هەیانبووە.

پارێزەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، دانی بەوەدا ناوە كە ترامپ پارەی بە “ستۆرمی دانیێڵز” داوە لەبەرامبەر بێدەنگكردنیدا، لەبەرامبەریشدا ئەو ئەستێرەیەی فیلمی پۆڕنەكان بانگەشەی ئەوەی كرد، پارێزەرەکەی ترامپ تۆقاندن و زۆرلێکردنی بەكارهێناوە بۆ واژۆكردنی ئەو راگەێنراوەی كە پەیوەندییەكەی لەگەڵ ترەمپ رەتكردوەتەوە.

لێكۆڵەرانی نیویۆرك لە چەند مانگی رابردوودا هێندەی تر لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی زیاتریان كردوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی كە دوێنێ پێنجشەممە، ترەمپ تۆمەتبار بكرێت بەپێدانی بەرتیل.

لەمبارەیەوە، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بەو ئەستێرەیەی فیلمە پۆڕنەكانەوە هەبێت.