به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر له ڕۆژئاوای كوردستان نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی جیهان ده‌كات تێیدا ئیدانەی “تاوانەکانی” تورکیا لە عەفرین دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر له ڕۆژئاوای كوردستان لە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین نامەیەکی کراوەی ئاراستەی باڵیۆزخانە و پارت و دامەزراوەکان و کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانییەکانی جیهان کرد.
فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر، ژماره‌یه‌ك ڕاپۆرتی “تاوانەکانی داگیرکەری تورکیا” و گروپه چه‌كداره‌كانی سوریای سه‌ر به ئه‌نكه‌ره لە عەفرین ئاشكراكرد، ئەمە جگە لە فایلێکی تایبه‌ت كه باسی له “کۆمەڵکوژییه‌كه‌ی جه‌ندرێس” ده‌كرد لە سەروبەندی نەورۆزی ئه‌م ساڵ.
فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەیامەکەدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، “عەفرین ماوەی پێنج ساڵە بەدەست داگیرکارییەکی وێرانکەر و تیرۆر و توندڕەوی و دەستبەسەرداگرتنی پارە و دار وبه‌ردی ئه‌و خاكه و ئاوارەبوونی زۆرەملێی خەڵکەکەی دەناڵێنێت .”
ئاماژەی بەوەشکرد، “باسی قەبارەی دڕندەییەکانی ئه‌و هێزانه كرد، كه کوشتن، ڕفاندن، فیدیە، تاڵان‌کردنی کو‌لتوور و جینۆسایدی سیستماتیکی دژی سروشت و مێژوو و دژی پێکهاتەی مرۆیی و کولتووری عەفرین و ناسنامە مێژووییەکەی ئه‌نجام ده‌ده‌ن”.
باسی له‌وه‌شكرد، “تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا کە زۆربەیان داعش بوونه ئێستا له‌ڕیزه‌كانی گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئه‌نكه‌ره‌ن، ، چوار گەنجی کوردیان له شه‌وی نه‌ورۆز شه‌هیدكرد، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئاگری نه‌ورۆزیان هه‌ڵكردبوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر داوای “لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی كرد، و داواشی كرد تاوانباران لێپرسینەوه‌یان له‌گه‌لدا بكرێت له هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كه له عه‌فرین و ناوچه‌كه كه ئه‌نجام داوه “، ئاماژەی بە پێویستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکان کرد بۆ ئه‌نجامدانی بەرپرسیارێتی خۆیان.
داواشی كرد کۆتایی بە “داگیرکاری تورکیا بێت له عەفرین و ناوچەکانی دیکە، داواشی كرد كه خەڵکە ئاوارەی کەمپەکانی شەهبا و حەلەب بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.