ژنێکی سویدی بە سێ مانگ زیندانیکردن سزادرا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، دادگای ناوچەی یۆتۆبۆری لە سوید سزای سێ مانگ زیندانی بەسەر ژنێکدا سەپاند “بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی تاوانێکی جەنگی لە رەققە لە ساڵی 2014″، کە تیایدا دیمەنەکانی سەربڕین لە لایەن داعشەوە پیشاندراون.

ئەو بڕیارەی لە دژی ئەو ژنە تەمەن 35 ساڵە دەرچووە، کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، پەیوەندی بە هەڵواسینی “تەرمی سەربڕاو”ەوە هەیە لە لایەن ئەندامانی داعشەوە لە فولکەیەکی ناوەندی شاری رەقەی سوریا.

دادگا لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: “ئەو ژنە دووجار وێنەی توندوتیژی بڵاوکردۆتەوە کە لە تەرمەکان سەریان بڕدراون و بە پەرژینی فولکەیەکی ناوەندی شاری رەققەدا هەڵواسراون”، کە سەردەمانێک گوایە پایتەختی “خەلافەتی داعش” بووە، پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە کۆنترۆڵ بکرێتەوە.

دادگا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە “سوکایەتی” بەرامبەر بەو قوربانیانە کردووە کە لە وێنەکاندا هەن.

تۆمەتبارەکە رەتیدەکاتەوە هیچ هەڵەیەکی کردبێت و دەڵێت کە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە لە لایەن ئەوەوە نەگیراون.

بەڵام دادگا پێیوابوو کە ئەو رێکارە بەرامبەر بە “لەکەدارکردنی کەرامەتی ئەو کەسانەیە کە بەپێی یاسای سویدی پارێزراون”.

هەروەها ئەو ژنە “هاوسۆزی روونی خۆی بۆ کردەوەکانی ئەو تاقمە تیرۆریستییە” دەربڕیوە، بەگوتەی دادگا.

ئەو ژنە بە تاوانی “ترساندنی کارمەندێکی گشتی و ناوزڕاندنی دوو توێژەری کۆمەڵایەتی” تاوانبار کرا.

دادگا لە راگەێنراوێکی نووسراودا بڕیارەکەی روونکردەوە و دەڵێت: “هەموو ئەم تاوانانە لە دوورەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە یان لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجامدراون”، ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگا لەم دۆخەدا رەچاوی “سروشتی هەڵسوکەوتی هەر تاوانبارێک لەو چوارچێوەیەدا دەکات کە تێیدا بووە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر